بە پێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، هێزەکانی ڕێژیم لە شاری ئێسفەهان ١٠ ژنی بەهایییان لە ماڵەکانیاندا دەسبەسەر کردووە.
ساڵی ڕابردوو ئەم هاووڵاتییە بەهاییانە بە حوکمی لقی ٣٧ی دادگای پێداچوونەوەی ئێسفەهان بە پێنج ساڵ زیندان سزا درابوون.
هەروەها دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئێسفەهان سزای دانی ٥٠ میلیۆن تمەن، پێنج ساڵ بێبەشکردن لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی لە وڵاتدا بەسەر ئەو هاووڵاتییە بەهاییانەدا سەپاندووە.
ئەم هاووڵاتییانە لە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٠ لە شاری بەهارستانی ئێسفەهان دەسبەسەر و لە ٢٨ی بانەمەڕی هەمان ساڵدا بە شێوەی کاتی بە دانانی بارمتە ئازاد کران.
ڕۆژی هەینی ٢٨ی بەفرانبار کۆمەڵەی جیهانیی بەهاییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە لە دانیشتنی داهاتوودا لێپرسینەوە لە کۆماری ئیسلامی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە ژێنێڤ بۆ پێشێلکردنی بەردەوام و سیستماتیکی مافەکانی کۆمەڵگەی بەهایی بکەن .
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی نەک هیچ هەنگاوێکی ماناداری بۆ کۆتاییهێنان بە سەرکوت و چەوساندنەوەی بەهاییەکان نەناوە، بەڵکوو پێشێلکردنی مافی مرۆڤی بەهاییەکان لە ئێراندا توندتر بووە.
بەهاییەکان گەورەترین کەمینەی ئایینی غەیرە موسڵمانن لە ئێراندا، کە لە ساڵی ١٣٥٧ەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک وەکوو هەموو کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە سەرکوت دەکرێن.
بەتایبەتی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بەهاییەکان لە ئێران توندتر بووە و هەر بەم هۆیەشەوە زۆر ڕاپۆرت و لێدوان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانیان بڵاو کراوەتەوە.