جێگری ستراتێژیکی سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئابووریی داڤوس لە سویس ئیدیعای کرد کە کۆماری ئیسلامی بڕیاری داوە سەبارەت بە حیجاب گوشار نەخاتە سەر ژنان.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، محەممەدجەواد زەریف لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێشکەشکارێکی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، ئەگەر بە شەقامەکانی تاراندا بڕۆن، بۆتان دەردەکەوێت کە بەشێک لە ژنان حیجابیان نییە و سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە ئەم کارە نایاساییە، حکوومەت بڕیاری داوە کە گوشار نەخاتە سەر ژنان.
هەروەها زەریف لە درێژەی قسەکانیدا ئیدعای ئەوەی کرد کە ئەمە بەڵێنێکە و پزشکییان داویەتی و بە هەوڵەکانی ئەو هەروەها ڕازیبوونی بەرپرسانی باڵای ئێران، لەوانەش سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکی مەجلیس و شۆرای ئەمنییەتی میللی، جێبەجێ بووە.
ناوبراو سەبارەت بە ڕاهاتن لەگەڵ ئەو دۆخە ئیدعای کرد کە لەگەڵ پرسی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، ئەم بڕیارە بۆ هەڵگرتنی هەنگاوێک بەرەو ئاراستەی دروست دراوە، بەڵام بەس نییە و تەنها بە هەنگاوێکی سەرەتایی دادەنرێت.
ئەم ئیدعایانە لەحاڵێکدایە کە چەند مانگی دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ کە لە کاردانەوە بە کوژرانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی گەشتی ئێرشاد ڕووی دا، دەزگا ئەمنییەتییەکان و جێبەجێکەرانی یاسای کۆماری ئیسلامی ڕێوشوێنەکانیان لە دژی ئەو ژن و کچانەی کە دژی حیجابی زۆرەملێ و ئەو دەسەڵاتە دەوەستنەوە چڕتر کردووەتەوە.
ئیدعاکانی زەریف سەبارەت بە "بڕیاری نیزام" سەبارەت بە توندنەگرتنی حیجابی زۆرەملێ لە سوشیاڵ میدیا کاردانەوەی نەرێنی زۆری لێکەوتەوە و هاووڵاتییان ئاماژەیان بە بەردەوامیی توندوتیژی و سزادانی ژنانی ئێران و بەردەوامبوونی کەشی ترساندنی ژنان و کچان لەلایەن ڕێژیمەوە کردووە.
هەر لە چوارچێوەی ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیجباریدا دەزگا ئەمنییەتی و جێبەجێکەرانی یاسای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان کرد بە بێبەشکردنی ژنان لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژنان لەسەر شەقامەکان و دەسبەسەرکردنی ژنان و ڕێوشوێنی هاوشێوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی پەرەسەندنی ڕەتکردنەوەی ڕەچاوکردنی حیجابی زۆرەملێ گیراوەتە بەر.
بەڵام لەگەڵ شکستی ئەو هەوڵانە، دواتر مەجلیسی ئیسلامیی ڕێژیم گەڵاڵەیەکی بە ناوی "حیجاب و عیفاف" پەسەند کرد کە لەسەر بنەمای سزادانی قوڕس و سنووردارکردنی ژنان داڕێژرابوو و ئەم گەڵاڵەیە کە بە ڕەزامەندیی شۆڕای نیگابان بووەتە یاسا، تا ئێستا لەلایەن بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە.
لەوبارەوە شارەزایانی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەم گەڵاڵەیەی کۆماری ئیسلامی هەوڵ بۆ هەڵاواردنی سیستماتیک بە مەبەستی سەرکوتکردنی ژنان و کچان دەدات و ناچاریان دەکات کە گوێڕایەڵی حکوومەت بن.