کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران هەزاران تۆن ماددەی سەرەتایی بۆ سووتەمەنیی مووشەکەکانی لە چین کڕیوە

12:17 - 4 رێبەندان 2724

دوو بارهەڵگری سپای پاسداران کە هەڵگری هەزاران تۆن ماددەی "سۆدیۆم پێرکۆلۆرات"ـن لە چەند حەفتەی داهاتوو لە چینەوە دەگەنە بەندەرعەباس.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز لە زاری چەند سەرچاوەی هەواڵگریی دوو وڵاتی ڕۆژاوایی، دوو کەشتیی بارهەڵگری سپای پاسداران کە ڕێژەیەکی زۆر ماددە سۆدیۆم پێرکۆلۆراتیان هەڵگرتووە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە چینەوە دەگەنە ئێران تاکوو ئەم ماددەیە بۆ دروستکردنی سووتەمەنی بۆ مووشەکەکانی سپای پاسداران بەکار ببرێت.

ئەم دوو سەرچاوە بۆ فاینەنشاڵ تایمزیان زیاد کردووە کە ئەم ڕێژەیە لە سۆدیۆم پێرکۆلۆرات دەتوانیت کە هەزار و ٣٠٠ تۆن سووتمەنی پێویست بۆ ٢٦٠ مووشەکی بالستیک دابین بکات.

سەچاوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە یەکێک لە کەشتییەکان ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە دوورگەی دایشانی چینەوە ڕێ کەوتووە و تاکوو سێ حەفتەی دیکە دەگاتە بەندەرعەباس و کەشتییەکی دیکەش بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە چینەوە بەرەو ئێران بکەوێتە ڕێ.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، دیار نییە کە ئایا دەوڵەتی چین ئاگاداری هەناردەکردنی ئەم بەرهەمانەیە یان نا.

هەر لەم پێوەندییەدا ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ی زایینیدا کۆمەڵە دامەزراوە و کەسانێکی لە چین و هۆنگ کۆنگ بەهۆی دابینکردنی کەرەستە و تێکنۆلۆژی پێوەندیدار بە گەشەی زانستی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، سزا دا.