کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاژانسی وزه‌ی ناوکی خوازیاری وتووێژه‌ له‌ نێوان ترامپ و ڕێژیمدا

12:30 - 4 رێبەندان 2724

ڕافائێل گڕووسی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاژانسی وزه‌ی ناوکی، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٣ی ڕێبه‌ندان داوای له‌ ترامپ و ڕێژیمی ئێران کردووه‌ هه‌تا بۆ به‌ره‌وپێشبردنی دانوستانی ناوکی بچنه‌ نێو وتووێژه‌وه‌.

گڕووسی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی کۆڕی جیهانیی ئابووری له‌ داڤوس جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ وتووێژ به‌ته‌واوه‌تی پێویسته‌ و بێ ئه‌وه‌ هیچ به‌ره‌وپێشچوونێک به‌رهه‌م نایه‌ت.

ناوبراو به‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌کانی دۆناڵد ترامپ و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی نوێی ئه‌و وڵاته‌ وتی: "نیشانه‌گه‌لێک له‌ ئاماده‌یی بۆ دانوستان و ئه‌گه‌ری گه‌یشتن به‌ ڕێککه‌وتننامه‌ی کۆتایی هه‌یه‌".

به‌ وته‌ی گڕووسی به‌رپرسانی ڕێژیم هه‌ستیان به‌ پێویستیی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی وتووێژه‌کان کردووه‌ و له‌و باره‌وه‌ وتی: "به‌رنامه‌ی ناوکیی ڕێژیم له‌ بواری توانایی، دامه‌زراوه‌ و پاشه‌که‌وتی مه‌وادی ناوکییه‌وه‌ له‌ ساڵی ٢٠٢١وه‌ به‌ شێوه‌ی به‌رچاو به‌ره‌وپێشچوونی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕایگه‌یاند: "پاشه‌که‌وتی یۆرانیۆمی پیتێندراو به‌ هه‌ڵکشانی ٦٠ له‌سه‌دی، گه‌یشتووه‌ته‌ ٢٠٠ کیلۆگره‌م.

به‌پێی پێوه‌ره‌کانی ئه‌و ئاژانسه‌، ڕێژیم له‌ کاتێکدا پیتاندنی به‌رنامه‌ی ناوکی به‌و شێوه‌یه‌ په‌ره‌ پێ بدات ئه‌وا یۆرانیۆمی پێویستی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ٥ بۆمبی ناوکی ده‌بێت.

ئه‌و قسانه‌ی ڕافێل گڕووسی له‌ کاتێکدایه‌ که‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ داڤوس ڕایگه‌یاند: "ڕێژیمی ئێران ده‌بێت هه‌نگاوی یه‌که‌م بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که‌ و ئه‌مریکا هه‌ڵ بێنێت و ڕوونی بکاته‌وه‌ که‌ ئامانجی به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی ناوکی نییه‌".

شایانی باسه‌ دۆناڵد ترامپ له‌ یه‌که‌مین ده‌وره‌ی سه‌رۆککۆماری خۆیدا له‌ ڕێککه‌وتننامه‌ی به‌رجام هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و وتبووی: "له‌ ژیانمدا خراپترین ڕێککه‌وتننامه‌یه‌ک بووه‌‌ که‌ بینیومه‌".

هه‌‌روه‌ها مارکۆ ڕۆبینۆ که‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی دوڵه‌تی نوێی ترامپدا ده‌ستی به‌کار کردووه‌، یه‌کێک له‌ ڕه‌خنه‌گرانی سه‌رسه‌ختی به‌رجام له‌ ده‌یه‌ی ڕابردوودا بووه‌‌.