کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلۆمپکرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە دووکانەکانی سەقز دوابەدوای مانگرتنی گشتی

17:10 - 4 رێبەندان 2724

دوابەدوای مانگرتنی گشتیی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، ژمارەیەکی بەرچاو لە دووکان و پاساژەکانی شاری سەقز لەلایەن ناوەندەکانی ڕێژیمەوە پلۆمپ کراون.

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی مانگرتنی گشتی دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مواردی، شاری سەقز وەکوو یەکەمین شاری کوردستان بە پێشوازی بانگەوازی لایەنە ساسییەکانی کوردستانەوە هات و دووکان و بازاڕەکان داخران.

ناوەندەکانی ڕێژیم هەر لەو ڕۆژەدا، هۆشدارییان بە خەڵک دا کە دووکانەکانیان بکەنەوە و لەسەر ژمارەیەک دووکان کاغەزی تایبەتی پلۆمپیان دانا و لەسەر دووکانەکانی دیکەش هۆشداری پلۆمپیان نووسی.

بەپێی زانیارییەکان پاساژ و دووکانەکانی کورد ماڵ، ئەڵماسی غيرب، قازاخانە، ژێرگوزەر و خاتوونی پلۆمپ کراون.

هەر لەم پێوەندییەدا، بازاڕییان و کاسبکارانی سەقز بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند:   بۆیە ئێمە بازاڕیانی بەشەکانی دیکەی شاری سەقز، وێڕای‌ پشتیوانیی‌ ته‌واوی‌ خۆمان له‌و دووكاندارانه‌، قین و ڕقی خۆمان لە هەمبەر ئەم کردەوە قیزەونە و زەبوونانەی دەسەڵات دەردەبڕین و ئاگاداریان ده‌كه‌ینه‌وه‌ لە ئەگەری بەردەواميی پلۆمپی ئەم شوێنانە، داخستن و مانگرتنێکی گشتیتر لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕادەگەیێنین.

هەروەها ژمارەیەک لە چالاکەنی مەدەنیی ئەم شارەش لە بەیاننامەیەکی دیکەدا رایاگەیاند: بەداخەوە ئەمڕۆ لە لایەن دەسەڵاتەوە لە شاری سەقز هەموو پاساژەکان پلۆمپ کران و زۆربەی دووکانەکان بە نووسینی "اخطار پلمپ" هەڕەشەی داخستنیان لێ کراوە.

ئێمە چالاکانی مەدەنی دژ بەم کردەوە قیزەونەی دەسەڵات دەوەستینەوە و ڕایدەگەیێنین پشتی برایانی بازاڕمان چۆڵ ناکەین و ئەگەر پلۆمپی ئەو شوێنانە نەشکێنن و واز لە ئەزیەت و گوشاری هاوشاریانمان نەهێنن، بێدەنگ نابین و بە دەرکردنی بانگەوازی مانگرتنی دیکە درێژە بە مانگرتنەکان دەدەین و هەروەها بە هاتنە سەرشەقام و کۆبوونەوە بەرهەڵەستتان دەوەستین و داوا لە خەڵکی نیشتمانپەروەری سەقز دەکەین بە چوون و کڕین کەلوپەل و پێداویستی لەو دووکانانەی پلۆمپ کراون، جارێکی دیکە هەستی یەکڕیزی و پاڵپشتیی خۆیان لە بازاڕیان هەمووکات ئامادەی سەقز دەربڕن.