مامۆستا مەلا حەسەن ئەحمەدزادە موقەددەم، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی شارستانی شنۆ، کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا مەلا حەسەن لەگەڵ ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕیزەکانی ئەم حیزبەدا دەستی بە تێکۆشان کرد.
ناسراوی و پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەو لە لایەک و بەشداریی چالاکانەی لە تێکۆشانی حیزبیدا، بوون بە هۆی ئەوە مامۆستا بە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی شنۆ، هەڵبژێردرێ.
ئەو کاتەی شار و ناوچەی شنۆ ئازاد و لەژێر دەسەڵاتی حیزبی دێموکراتدا بوون، مامۆستا حەسەن ئەحمەدزادە بە لێهاتووییەوە کاروباری قەزایی ئەو ناوچەیەی بەڕێوە برد.
دوای ئەوەی شار و ناوچەی شنۆ لەلایەن هێزە دڕندەکانی ڕێژیمی ئاخوندی دەستیان بەسەردا گیرا، مامۆستا مەلا حەسەن وەک ئەندامی کۆمیتەی شارستانی شنۆ و بەرپرسی ڕێکخراوی ناوچەی حەسەننووران، درێژەی بە تێکۆشانی حیزبی دا.
سەرەتای ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لەسەر ڕەزامەندیی کۆمیتەی شارستانی شنۆ، مامۆستا مەلاحەسەن بۆ سەرپەرستیی بنەماڵە و ڕاگەیشتن بە ژیانی تایبەتیی خۆی، گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و ژیانی ئاسایی هەڵبژارد.
مەلا حەسەن ئەحمەدزادە وەک کەسایەتییەکی ئایینی و کۆمەڵایەتیی جێگەی ڕێزی خەڵک بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.