ڕاگەیندراوی "ناوەندی منداڵپارێزیی نێرگز" سەبارەت بە کوشتنی نیان چەلەبیانی
ڕۆژی ٢٧ی بەفرانبار، لە شاری بۆکان، کچێکی حەوت ساڵان بە ناوی نیان چەلەبیان لەلایەن باوکیەوە بە پەلە دەگەیندرێتە نەخۆشخانەیەکی ئەم شارە و پزیشکەکانی بە پەرۆشەوە هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو منداڵە دەدەن، بەڵام پزیشکەکان بێجگە لە بینینی شوێنەواری لێدان و سووتان لە سەر لەشی نیان، بە بینینی خوێنڕێژی و شوێنەواری دەستدرێژیی جینسی شۆک دەبن.
لەم کاتەدا کچێک کە لەلای باوکی نیان بووە و پەیوەندیی خۆشەویستیان پێکەوە هەبووە، لە نەخۆشخانە هەڵدێ و دواتریش باوکی نیان هەوڵی هەڵهاتن دەدات، بەڵام باوکی نیان زوو لەلایەن حەراسەتی نەخۆشخانەوە دەسبەسەر دەکرێ.
نیان، سپێدەی ڕۆژی ٢٨ی بەفرانبار بەهۆی خراپتربوونی ڕەوشی جەستەیی و دەروونی، بەپەلە و تەنیا لەگەڵ پەرەستارێک دەنێردرێتە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ، کە بەداخەوە هیچ کەسێک تەنانەت دایکیشی ئاگاداری وردەکاریی ئەو کارەساتە نەبوون، کە بە سەریدا هاتبوو.
بەداخەوە ئەو منداڵە بێنازە، کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی بەفرانبار، بە هۆی لێدان و داخکردنی لەشی و هەروەها خوێنڕێژیی زۆر کە بەهۆی دەستدرێژیی جینسی بوو، گیانی لە دەست دەدات.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، دوای ئەوەی کە دایک و باوکی نیان لە یەکتر جیا دەبنەوە، باوکی نیان ڕێگا بە دایکی نادات کە کچەکەی ببینێ و نیانیش بەردەوام بێتاقەتی دایکی بووە. هەروەها باوکی نیان بەردەوام خەریکی بێئەخلاقی بووە و دواجاریش پەیوەندیی لەگەڵ ئەو ژنە هەبووە کە لەگەڵ نیان ڕۆیشتووەتە نەخۆشخانە و دواتریش هەڵهاتووە. دوای ئەوەی کە باوکی نیان ئامادە نابێ لەگەڵ ئەو ژنە ژیانی هاوبەش پێک بێنێ و ویستوویەتی هەر وەک خۆشەویست پەیوەندییان بەردەوام بێ، برای کچەکە لێی تووڕە دەبێ و دەستدرێژیی دەکاتە سەر نیان. دواتریش بە هەڕەشە و لێدان و داخکردن هەوڵ دەدەن نیان ڕازی بکەن کە ئەم نهێنییە نەدرکێنێ. بەڵام دوای تێکچوونی ڕەوشی تەندروستیی نیان و بردنەوەی بۆ نەخۆشخانە و هەڵهاتنی خۆشەویستەکەی باوکی نیان و دواتریش دەسبەسەرکردنی، ڕووی ڕاستیی ئەم جینایەت و وەحشیگەرییە ئاشکرا دەبێ و برای کچەکەش کە تاوانباری سەرەکییە دەسبەسەر دەکرێ.
ئەم جینایەتەی کە دەرحەق نیان کرا، دڵی هەموومانی بەژان هێنا و ناخی هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدانی هەژاند. بەداخەوە ئەم جینایەتە بەشێكێ دەگەڕیتەوە سەر پەروەردەی سەقەتی دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگاکەمان و سنووردارکردنی ئازادییە تاکەکەسیەکان و پێشلکردنی مافی منداڵان و ... هتد.
ئێمە هیوادارین چالاکانی مافی منداڵان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەبەرامبەر ئەم جینایەتەدا بێدەنگ نەبن و بە گوشارخستنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان داوای بە سزاگەیاندنی تاوانباران و ڕەچاوکردنی دادپەروەری لەم دۆسیەدا بکەن. چونکە لە بەناو دادگاکانی ئێراندا بەداخەوە ئەوەی کە ڕەچاو ناکرێ، دادپەروەری و پاراستنی مافی مرۆڤە.
ناوەندی منداڵپارێزیی نێرگز
٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی
٢١ی ژانوییەی ٢٠٢٥ی زایینی