قەیرانی شوناسی ئێرانی
سەفەر عەزیزی
شوناسی نەتەوەیی ئێران یەکێک لە ئاڵۆزترین کانسێپت و چەمکەکانی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتەیە. ئێران بەهۆی هەڵکەوتەی جۆگرافی و مێژووی کۆنی خۆی هەمیشە وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایینی بووە و تەنانەت تا پێش ساڵی ١٣١٤ی هەتاوی دیاردەیەک بە ناوی حکوومەت یا دەوڵەتی ناوەندەگەرای هەر تێدا نەبووە. ئێران پێشتر بەشێوەی ئەیالەتی بەڕێوە چووە، بەڵام لە دەورانی مۆدێڕنیتە بەولاوە شوناسی دەوڵەت-نەتەوە(State-Nation) لە سەر شوناسی تاکە نەتەوە و تاکە زمان، واتە فارس و زمانی فارسی بونیات نراوە. ئەم کانسێپتە لە دەورانی سەفەوی بەدواوە، بۆتە خوێندنەوەیەکی گشتگیر و بەتایبەتی لە دەورانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا زیاتر برەوی پێدراوە. دیارە لە دەستپێکی ڕەوتی نەتەوەسازی بە مۆدێلی ئێرانی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەندازیارانی سیاسی ئەم پڕۆژە ناسیۆنالیستییە بۆ یەکسانکردنی کولتوور، چاند و زمانی نەتەوەیی باڵادەست و تواندنەوەی زمان و کولتوورەکانی دیکە لەنێو زمانی فارسیدا بووە. لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەم پڕۆسەیە لە سێ قۆناغی جیاوازدا جێبەجێ کرا:
یەکەم، قەدەغەکردنی زمانەکانی دیکە جگە لە زمانی فارسی لە بواری پەروەردە و ئیدارە لەچوارچێوەی بە سیاسیکردنی زمان(Political Language) تایبەت بە نەتەوەی باڵادەستدا. دووهەم، پاکسازیی زمانی فارسی. سێهەم، گۆڕینی دێمۆگرافیی شار و گوندەکان بە زمانی فارسی.
هەر لە درێژەی ئەم پڕۆسەیەدا، ڕێژیمی پەهڵەوی ساڵی ١٩٣٣ی زایینی، زمانی فارسیی وەک تاکەزمانی پەروەردەی سەرانسەری ئێران دیاری کرد و بەمجۆرە خوێندن و نووسین بە هەموو زمانەکانی دیکە کە پێشتر لەو جوگرافیا سیاسییەی ئەمڕۆ بە ئێران ناوزەد کراوە ئازاد بوو، قەدەغە کرا. بە خۆڕایی نەبوو کە دروشمی سەرەکیی ڕێژیمی پەهلەوی بریتی بوو لە: "یەک نەتەوە، یەک وڵات، یەک ئاڵا و یەک زمان". لە سەردەمی پەهلەوییدا تەنانەت جیاوازیی زمانەکانی دیکە وەکوو مەترسییەک بۆ سەر پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوە دەبیندران کە تەنیا لە ڕێگای لەنێوبردنی ئەو زمانانەوە چارەسەر دەکرا.
ئەم شوناسە بێجگە لەوەی نەیتوانیوە یەکیەتیی نەتەوەیی لە ئێرانێکی فرە نەتەوە و فرە ئاییندا دروست بکات، بەڵکوو بۆتە هۆی دووبەرەکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەم وڵاتە. سیاسەتی فەرهەنگی و زمانی بە پێداگری لەسەر باڵادەستیی زمانیی فارسی و شیعەگەرایی ئێرانی، نەتەوە و ئایینەکانی دیکەی ئاسێمیلە کردوە و لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەدا، نەتەوە و پێکهاتەکانی نێو جوگرافیایی سیاسیی ئێران هەست بە جیاوازی و هەڵاواردن دەکەن.
هەروەک باس کرا ڕیشەی ئەم خوێندنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی سەفەوی. کاتێک شا ئیسماعیلی یەکەم، ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامیی وەک ئایینی ڕەسمیی وڵات دیاری کرد و دەستی بە چەوسانەوەی کەمە ئایینییەکانی دیکە کرد. بەر لەم دەورانە، ئێران وەک وڵاتێکی پرولاری ئایینی و نەتەوەیی دەناسرا، بەڵام سەفەوییەکان سیاسەتی یەک-نەتەوە و یەک-ئایینیان دەست پێکرد. ناوبراو بەم سیاسەتە هەوڵی دروستکردنی شوناسێکی یەکگرتوو لەسەر بنەمای ئایینی شیعە بوو و بەمجۆرە هەوڵی تواندنەوەی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە دەستی پێکرد. ئەم سیاسەتە لە دەورانی قاجار درێژەی کێشا، بەڵام لە دەورانی پەهڵەوی فۆکۆسی دەوڵەت خرایە سەر ناسیۆنالیزمی ئێرانی (فارسی) و زمانی فارسی بوو بە فاکتۆرێکی گرنگ بۆ بنیاتنانی یەکگرتوویی شوناسی نەتەوەیی لە ئێراندا. لە لایەکی دیکەوە، ئەم سیاسەتە بە بیانۆی یەکپارچەیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی،خوێندنی بە زمانەکانی دیکە جگە لە زمانی فارسی، قەدەغە کرد و بەم شێوەیە مێژووی ئێرانی باستان، بەتایبەت مێژووی ٢٥٠٠ ساڵەی خۆی وەکوو کۆڵەکەی شوناسی نەتەوەیی دیاری کرد.
لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، بنەڕەتی ئیسلامی سیاسی لە دەورانی مۆدێڕندا دانرا و ئایینی شیعە بەڕەسمی و بەشێوەی بەربڵاوتر لە جاران، بوو بە فاکتۆرێکی بەهێزی شوناسی نەتەوەیی لە ئێراندا. قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایینی شیعەی دووازدە ئیمامی وەک ئایینی ڕەسمی وڵات دیاریکرد و تەنانەت سیاسەتی ڕەسمیی دەوڵەت و نەهادەکانی دەوڵەتی لە سەر دوکتورینی ولایەتی مۆتڵەقی فەقێ و بنەمای شیعەی دووازدە ئیمامی داڕێژرا. ئەم سیاسەتە بووە هۆی ئەوەیکە کەمینە-ئایینییەکانی دیکە وەک سوننی، مەسیحی، یەهوودی، زەردەشتی پەراوێز بخرێن و لە زۆربەی مافەکانی شارۆمەندی بێبەش بکرێن سەرەڕای ئەوەی لە قانوونی ئەساسی کۆماری ئیسلامیدا ئێعتراف بە ئایینی زەردەشتی، مەسیحی و یەهودی کراوە. دەبێ بگوترێت کە لە قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا هیچ ئێعترافێک بە ئایینی یاری و ئایینی بەهایی نەکراوە. ئەم کارەش بۆتە هۆی ئەوەیکە یارییەکان و بەهاییەکان لە تەواوی مافە یاسایی و گەردوونییەکان بێبەش بکرێن.
هەڵبەت لە پاڵ هەڵاواردنی ئایینی، هەڵاواردنی زمانیش بەشێک بووە لە سیاسەتی ڕێژیمی ئێستا لە ئێراندا. هەموو ناوەندە پەروەردەیی و کولتوورییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی سڕینەوەی زمانەکانی دیکەیان داوە، بە ڕادەیەک کە لە هێندێک لە ناوچەکانی غەیرە فارس، باس لە ژینۆسایدی سپی دەکرێت.
ماهییەت و دیسکۆرسی تاکزمانی، تاک نەتەوە و تاک ئایین، بۆتە هۆی شێواندنی فرە چەشنی زمانی و نەتەوەیی لە ئێراندا. سەرەڕای هەوڵ و گوشاری حکوومەتەکانی ناوەندگەرا لە سەر بنەمای تێئۆریی دەوڵەت-نەتەوە بۆ باڵادەستکردنی ناسۆنالیزمی فارس لە ڕۆاڵەت و چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا، نەیانتوانیوە ئێرانێکی فرەچەشن دورست بکەن. دەرەنجامی ئەم سیاسەتە بەپێچەوانەوە بۆتە هۆی زیاتر دابڕان و ناکۆکی لە نێوان نەتەوەکانی ناو جۆگرافیای ئێران.
شوناسی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێران هەر لەدەورانی مۆدێڕنیتەوە تاکوو ئێستا، کاریگەرییەکی ڕیشەیی لەسەر گۆڕانکارییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە ئێراندا داناوە. جیاواز لە وڵاتانی ڕۆژاوا کە لە پڕۆسەی دەوڵەت-نەتەوەسازی لە دەورانی مۆدێڕنیتە هەوڵی یەکیەتییەکی زمانی، کولتووری، ئێتنیکی دراوە و بەتایبەتی سازانێکی گشتی دروست بووە کەچی لە ئێراندا بناغەی ئەم پڕۆسەیە لەلایەن نوخبەیەکی دیاریکراو سەر بە نەتەوەی فارس و ئایینی شیعە داڕێژراوە. هەربۆیە، هەوێتیی دەوڵەت-نەتەوە ناتوانێت تەعبیر لە کۆمەڵگەیەکی فرەڕەهەند، فرەئایین، فرەکولتوور و فرەنەتەوە بکات. ئەمڕۆ ئێرانیبوون بە واتای فارس-شیعە بوونە، چونکە نەتەوە و ئایینەکانی دیکە لە پڕۆسەی دەوڵەت-نەتەوەسازیدا پەراوێز خراون و هەر دەنگێکی ناڕازی وەک دژە ئێرانی و جوداییخواز پێناسە کراوە.
ڕۆڵی ڕووناکبیرانی ئێرانی لە پڕۆسەی دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەدا:
پڕۆسەی سەرهەڵدان و شکڵگرتنی شوناسی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێراندا، زۆرتر لەژێر هێژموونیی جەریانگەلی ڕووناکبیریدا بووە. نوخبەگەلی ئێرانی لەدەورانی مەشرووتە و پەهڵەوی دەورێکی سەرەکییان لە تێئۆریزەکردنی کۆدە سیاسی کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێراندا هەبووە. ڕووناکبیرانی ئێرانی باوەڕیان وابووە کە یەکپارچەییی ئێران تەنیا لەڕێگەی دروستکردنی شوناسێکی یەکگرتوو لە ڕێگای سیاسەتی زمانی و ئایینێکی دیاریکراوەوە مسۆگەر دەبێت. ڕووناکبیرانی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمیی ڕۆژاوا بۆ دەوڵەت-نەتەوە، هەوڵیان دەدا ئێران وەک وڵاتێکی یەکگرتوو پێناسە بکەن، بەڵام ئەم هەوڵە بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی فرە ڕەهەندیی کۆمەڵگەی ئایینی و نەتەوەیی ئێران و چڕکردنەوەی لە نەتەوە و ئایینێکی دیاریکراودا، نەیتوانیوە ئامانجە ئیستراتێژیکییەکانی خۆی بپێکێت.
لە دەورانی مەشرووتە زۆر لە ڕووناکبیرانی ئێرانی وەک میرزا ملکمخان، عەبدولکەریم تالبووف، میرزافەتعەلی ئاخوندزادە و سەید حەسەن تەقیزادە، هەوڵیان دەدا لە ڕێگای نەهادینەکردنی بیرۆکە و کولتوورێکی مۆدێڕن، وڵاتێکی یەکگرتوو پێکبێنن، بەڵام ئەم بیرۆکەیە هەر لە سەرەتاوە بە هێژموونیی گوتار و هێماسازییەکانی ناوەندگەرایی فارس، زمانی فارسی و ئایینی شیعە پێکهات. ئەم ڕووناکبیرانە بەبێ گوێدانە پارادێمیکی فرەزمانی، فرەکولتووری و فرەئایینی لە ئێراندا هەوڵیان دەدا شوناسێکی یەکگرتوو لە چوارچێوەی پڕۆسەی دەوڵەت-نەتەوەدا دروست بکەن. ئەمانە لەو باوەڕەدا بوون، بۆ دەربازبوون لە کۆمەڵگەیەکی فێئۆداڵ و گۆاستنەوە بۆ نێو مۆدێڕنیزاسیۆن، ئێران پێویستیی بە زمان و شوناسێکی یەکگرتوو هەیە. لەپێناو دروستکردنی ئەم شوناسەدا، بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵ دراوە کە زمان، فەرهەنگ و ئایینی نەتەوە و ئایینەکانی دیکە و یەک لەوانیش کورد ئاسێمیلە بکەن. هەڵبەت فرەتر لە ٢٠٠ ساڵە کە نەتەوە و ئایینەکانی نێو ئێران، ئەم مێژووە بە هی خۆیان نازانن و کوردەکان وەکوو نموونە بەرانبەر بەم سیاسەتە ناسیۆنالیستییە خاوەنی مێژووییەکی دووروودرێژ لە خەبات و تێکوشانن. لە دەورانی ڕەزاشای یەکەمدا هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەم شوناسی دەوڵەت-نەتەوەیە دەربازی قوناغێکی نوێ بوو. هەوڵدان بۆ شوناسێکی یەکگرتوو لەڕێگای زمانی فارسییەوە بوو بە پلانی ستراتێژییەکی ڕەزاشا و ڕووناکبیرانی نەتەوە-پەرەستی ئەو سەردەمە کە لەژێر کاریگەری پڕۆسەی نەتەوەسازی ڕۆژاوا قەراریان گرتبوو. ئەم سیاسەت و ستراتێژییە خۆی لە پڕۆسەی گۆڕینی ناوە غەیرە فارسییەکان، سەرکوتکردنی زمانەکانی کەمینە-نەتەوەییەکانی دیکە، گۆڕینی سیستەمی خوێندن و پەراوێزخستنی کەمینە-نەتەوەییەکانی دیکە لە وێژمانی سیاسی-نەتەوەیی ئێراندا. ڕووناکبیرانێک وەک محەممەدعەلی فرووغی، عەلیئەکبەری داوەر، ئەحمەد کەسرەوی و ...هتد. لەو بڕوایەدا بوون، کە تەنیا لەڕێگای ئاسێمیلاسیۆن و هەڵاواردنی زمان و ئایینەکانی دیکە، یەکگرتوویی نەتەوەیی مسۆگەر دەبێت. لە سەردەمی پەهڵەویی دووهەم و دەسەڵاتی محەممەد ڕەزاشا، ڕووناکبیرانی ئێرانی هەوڵیان دەدا تێگەیشتن لە شوناسی نەتەوەیی لەگەڵ شوناسی ئێتنیکی دابڕێنن و مێژووی ئێران وەک سەرچاوە بۆ تێگەیشتن لەم شوناسە نوێیە زەق بکەنەوە. ئێرانی باستان، دەورانی کورووش و داریووش وەک سەروەری مێژووی ئێرانیی پسا-ئیسلام بوو بە دینامیزمی تیۆریک و هاندەرانەی تایبەت بۆ دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە. لەپاڵ ئەم زەقکردنەوە مێژووییەدا، بەشێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی سڕینەوەی مێژوو، ناسنامە، کولتوور و فەرهەنگی کەمە-نەتەوەییەکانی دیکە دەدرا. ئەم هۆکارانە بوونە هۆی ئەوەیکە کەمە-نەتەوەیی و کەمە-ئایینییەکانی دیکە خۆیان بە بەشێک لەم پێناسەیە نەزانن و لە هەر دەرفەتێک دژایەتی خۆیان نیشان بدەن. لەدەورانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەم ڕەوت و پڕۆسەیە وەکوو ڕابردوو درێژەی هەبووە و تەنیا بە یەک جیاوازییەوە کە ئایدۆلۆژیی شوناسی نەتەوەیی لە ناسیۆنالیزمیی ئێرانی باستانگەراوە گۆڕدرا بۆ ناسیۆنالیزمیی شیعە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕێبەرایەتی ئاغای ئایەتۆڵڵا خۆمەینی لەسەرەتای دەسەڵاتدا بە بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی بەرابەر و عەداڵەتخواز حوکمڕانی خۆی دەست پێکرد، بەڵام هەر زوو شوناسی ڕەسمی وڵاتی لەسەر بنەمای ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی پێناسە کرد. ئایینی شیعە وەک ئایینی ڕەسمی وڵات لە قانوونی بنەڕەتی وڵاتدا دیاری کرا. ڕووناکبیرانی ئەم سەردەمە، بەپێچەوانەی ڕووناکبیرانی دەورانی پەهڵەوی، هەوڵیان دەدا لە جێگای ئیلهاموەرگرتن لە ڕابردووی گوتاری ئێرانیی باستان، شوناسی ئیسلامیی ئێرانییان بەرجەستە دەکردەوە. دیسانەوە خواستی کەمە-نەتەوەیی و کەمە-ئایینییەکان نەک تەنیا لەبەرچاو نەگیرا، بەڵکوو لە جاران زیاتر پەراوێز خرا. پڕۆسەی سازانی شوناسی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێراندا لەڕاستیدا نەک تەنیا نەیتوانیوە کۆمەڵگەی ئێران یەکگرتوو بکات، بەڵکوو بۆتە هۆی دابڕانێکی قووڵ و زۆر لە کەمە-نەتەوەیی و کەمە ئایینییەکان قەد خۆیان بە بەشێک لەم شوناسە نەزانیوە و ئەم پڕۆسەیە نەک تەنیا کەمە-ئایینی و کەمە-نەتەوەییەکانی پەراوێز خست، بەڵکوو سیاسەتی هەڵاواردن، تواندنەوە و لەنێوبردنیشیان دەست پێکرد. بەدرێژایی مێژوویی مۆدێڕنی ئێران، کەمە ئایینی و کەمە-نەتەوەییەکان لە پڕۆسەی نەتەوەسازیدا بەشدار نەکراون و زۆرجار وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی سەیر کراون.
ئەنجام:
دەرەنجامەکانی ئەم سیاسەت و دیسکۆرسی هەوێتی وایکردوە کە ئێران قەد نەتوانێت ببێت بە خاوەنی شوناسێکی گشتگیر. لەجیاتی ئەوەی شوناسی ئێرانی ببێتە هۆی یەکیەتیی و یەکگرتوویی کۆمەڵگەی ئێرانی بەهەموو نەتەوە و ئایینەکانەوە، وەک کارتێکی سیاسی لەلایەن دەوڵەتەوە سوودی لێوەرگیراوە بۆ هەڵاواردن و لەناوبردنی کەمە-ئایینی و کەمە-نەتەوەییەکان. سیاسەتی تاکزمانی، تاک کولتووری، تاک ئایینی و یەک پەروەردەیی دەسەڵاتدارانیی ئێرانی بووە هۆی ئەوەی هەستی وڵاتپارێزی و ئێرانی بوون لەنێو کەمە-نەتەوەییەکان لاواز بکات. کێشەی دیکەی ئەم سیاسەتە ئەوە بووە، لەکاتێکدا لە زۆربەی وڵاتان، کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی نێوخۆیی یان دەرەکی، شوناسی نەتەوەیی وەک ئامرازێکی یەکیەتیی بەخش چاوی لێکراوە، کەچی لە ئێراندا بەهۆی هەڵاواردنی زمانی، کولتووری، ئایینی و نەتەوەییەوە لایەنەکانی غەیرە-فارس، دەوڵەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، نەیتوانیوە خەڵک مۆبیلیزە بکات. ئەم خەڵکە هەمیشە بەچاوی گومانەوە لە دەسەڵات و سیستەمی وڵاتیان ڕوانیوە، چونکە سیستەم نەک بۆ خۆشبژێوی ئەوان، بەڵکوو وەک ئامرازی سەرکوت سوودی لێوەرگیراوە. دیسکۆرسی نەتەوە-سازی لە ئێراندا لە دیدێکی ناسیۆنالیستی فارسی-شیعەی بەرچاوتەنگەوە، سەرچاوە دەگرێت و هەر چەشنە فرە ڕەهەندیی کولتووری، ئایینی، نەتەوەیی وەک هەڕەشە چاو لێدەکات.
بۆ دەربازبوون لەم قەیرانی شوناسە، ئێران پێویستی بە خوێندنەوەیەکی نوێ و پێداچوونەوەیەکی جیددییە بۆ شوناسی نەتەوەیی. ڕووناکبیران، دەسەڵاتداران و نۆخبەکانی ئێران دەبێت قەبووڵیان بێت، کە شوناسی وڵاتێکی فرە ڕەهەند لە بواری نەتەوەیی و ئایینییەوە، ناکرێت لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایینێکی تایبەت بونیاد بنرێت. هەر شوناسێک گوزارشت لەم فرە ڕەهەندییەی وڵاتی ئێران نەکات، درەنگ یان زوو دەبێت چاوەڕوانی هەڵوەشانێکی جۆگرافی و سیاسی بێت. بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی شوناسی نەتەوەیی، پێویستە سیاسەتی پەروەردەیی، کولتووری و کۆمەڵایەتی بگۆڕدرێت. دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایینە و هەموو ئەم پێکهاتانە لە کردەوەدا دەبێت لە داڕشتنەوەی شوناسی ئێرانی داهاتوودا بەشداربن. زمان، کولتوور و مێژووی نەتەوە و ئایینەکانی دیکە دەبێت لە واقێعدا ببنە بەشێک لە مێژوویی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران و لە قۆتابخانەکان دەرس بدرێنەوە. ئێران بە مێژووییەکی دەوڵەمەند و شارستانییەتێکی گەورەوە ئەو پۆتانسیەلەی هەیە کە خۆی لە قەیرانی شوناس دەرباز بکات و خوێندنەوەیەکی دووبارە و سازانێکی نیشتمانی بۆ شوناسی ئێرانی دروستبکات، کە گوزارشت لە فرە ڕەهەندیی کولتووری، ئایینی، نەتەوەیی ئەم وڵاتە دەکات. بۆ ئەوەی هەموو ئێرانییەک خۆی بە ئێرانی بزانێت، دەبێت بتوانێت خۆی لەم شوناسە نوێیەدا ببینێتەوە. بە کورتی، بۆ گەیشتن بە ئێرانێکی لەو چەشنە پێویستە کۆتایی بە دیسکۆرسی "پان-ئێرانیزم" و ئاپارتایدی سیستماتیکی هەویەتی، زمانی و کولتووری دژی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران بهێندرێت.
***
سەرچاوەکان
- آبراهامیان، یرواند. (۱۳۹۶). ایران بین دو انقلاب. ترجمه کاظم فیروزمند و دیگران. تهران: نشر نی
- اشرف، احمد. (۱۳۸۴). "مفهوم هویت ملی ایران". نامه علوم اجتماع
- دوفر، اولیویه. (۱۳۹۳). ایران و ایرانیان. ترجمه ناصر فکوهی. تهران: نشر ثالث
- قاسمی، محمدرضا. (۱۳۹۸). تاریخ اجتماعی ایران معاصر. تهران: انتشارات کویر
Katouzian, Homa. (2009). The Persians: Ancient, Medieval, and Modern Iran. Yale University- Press.
Dabashi, Hamid. (2012). Shi'ism: A Religion of Protest. Harvard University Press-
Vali, Abbas. (2003). The Formation of Kurdish National Identity in Iran. I.B. Tauris-
Vali, Abbas (2014) Kurds and the State in Iran: The Making of Kurdish Identity (International- Library of Iranian Studies), I.B. Tauris