کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەمپەرەکانی ئەوکات و دەرفەتەکانی ئێستا!

14:22 - 5 رێبەندان 2724

لەمپەرەکانی ئەوکات و دەرفەتەکانی ئێستا!

 

هاشم ڕۆستەمی

لە یادی ٧٩ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە دووی ڕێبەندانی ساڵێ ١٣٢٤ی هەتاویدا، وێرای پیرۆزبایی لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، دەمهەوێ لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە کە کەمتر سەرنجی خراوەتە سەر، ئەم وتارە بنووسم. ئەم وتارە زۆرتر لایەنی شڕۆڤەکردنی هەیە نەک گێڕانەوەی ڕووداوە مێژوییەکان. بۆ ئەوەی باسەکەشم پوختتر بێ، نووسینەکەم بە دوو قۆناغ دابەش کردوە کە هیوادارم جێگەی سەرنجتان بێ.

قۆناغی یەکەم، دەورانی دامەزراندنی کۆماری دێموکڕاتی کوردستان و لەمپەرەکان

خاڵی بنچینەیی کە وەک لەمپەر لەو کاتدا دەکرێ ئاماژەی پێ بکەین، بارودۆخی نێونەتەوەیی بوو.  حیزبی دێموكرات و کۆماری کوردستان  کە لە کۆتاییەکانی شەری دووهەمی جیهانیدا دامەزران و تا ئەوکات لە نێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیدا پێگەیەکی ئەوتۆیان نەبوو و تەنیا هێزێکی نێونەتەوەیی کە بۆ ماوەیەک پشتی گرتن، یەکیەتیی سۆڤیەت بوو کە ئەویش دواتر لە بەرامبەر نەوتی باکوری ئێراندا، پشتی تێ کردن و بەو شێوەیە حیزب و کۆمار بێ پشتیوانەی نێونەتەوەیی مانەوە. جگە لەوەش، پەیماننامەی سایکس پیکۆ کە لە جەنگەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا بەسترابوو، نەک هەر خاکی کوردستانی دابەش کردبوو، بەڵکوو هێز و تواناییی خەڵکی کوردستانیشی دابەش کردبوو. بەشی زۆری شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد لە نێوان شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی  جیهانی، لە لایەن ئەو وڵاتانە کە کوردستانیان بە سەردا دابەش کرابوو، بە هاوکاری و پشتیوانی ڕاستەوخۆی زلهێزەکانی وەک فەڕانسە و بریتانیا و ... سەرکوت کرابوون. ئەوەش ترس و نیگەرانیی زۆری لە سەرجەم کوردستاندا بڵاو کردبۆوە. هەر لە سەردەمای دامەزراندنی کۆماردا بوو کە حکوومەتی عێراق بە پشتیوانی زلهێزەکان، توانیان شۆڕشی باشووری کوردستان بە سەرکردایەتیی مەلامستەفا بارزانی تێک بشکێنن و ئەویش بە خۆی و بە هێزێکی زۆرەوە ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و تێکەڵ بە هێزەکانی کۆماری کوردستان بوو. هاتنی بارزانیەکان ئەگەر لە لایەک وەک هێزێکی کارامە و بەئەزموون، مایەی دڵگەرمی بوون بۆ کۆماری کوردستان، لە لایەکیش نیشانەی تێکشکانی شۆڕشی کورد بوو لە پارچەیەکی دیکەی نیشتیمان.

ئەوکات نە لە باکوور و نە لە ڕۆژ ئاوای کوردستان، هیچ جموجۆڵ و بزوتنەوەیەکی دیار و بەرچاو نەبوو. کەوابوو بارودۆخی نێو نەتەوەیی و ناوچەیی، نەک لەگەڵ کورد کۆک و تەبا نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانە لە دژیشمان بوو.

لە نێوخۆی ئێرانێشدا جگە لە گەلی ئازەری، کە ئەوانیش حکوومەتێکی نەتەوەییان دامەزراندبوو، هیچ کام لە گەلانی دیکەی ئێران، نە بەلوچ و نە عەرەب و نە تورکمان، بەو شێوەیە داوای مافی نەتەوەییان نەکردوە. دەستەڵاتدارانی فارسیش هەر وەک ئێستا بە هەموو توانایانەوە لە دژی بزوتنەوە ناسیونالیستیەکان وەستاونەتەوە.

لە نێوخۆی کوردستانیشدا کۆمار لەگەڵ چەندین گرفتی نێوخۆیی ڕووبەڕوو بوو. کوردستان لە بواری کۆمەڵایەتیەوە خاوەنی بافتێکی عەشیرەیی بوو، کۆمەڵانی خەڵک لە بێ سەوادیدا ڕاگیردرابوون، کۆمەڵگە هەژار و سوننەتی و بێدەرەتان بوو. بەشێکیشی هەر لە بندەستی هێزەکانی هاوپەیماناندا بوو. کۆمار دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسا کە بەرەو سنە، کرماشان و ئیلام بڕوات. بۆیە مەیدانی کار و چالاکیەکانی چوارچێەوەدار بوو.

هەروەها حیزبی دێموكڕات تازە دامەزرابوو، هێشتا ساڵێک لە تەمەنی تێ‌نەپەڕیبوو کە کۆماری دامەزراند. هەر بۆیە کۆماریش دەرفەتی ئەوەی بۆ نەرەخسابوو کە لە بواری دیپڵۆماسیەوە هەنگاوی پێویست باوێژێ. تەنیا دەروویەک کە هەیبوو، سۆڤیەت بوو، ئەویش گوشاری دەخستە سەر کۆماری کوردستان تا سەربەخۆ نەبێت و ببێتە بەشێک لە حکوومەتی میللیی ئازەربایجان.

لە کۆتایەکانیشدا سۆڤیەت (ڕوسیە) پشتی لە هەردوو حکومەتە میللیەکە کرد. ڕێبەرانی ئازەربایجان بەرەو سۆڤیەت ڕۆشتن. کۆمار بە تەنیا مایەوە، بەڵام پێشەوا قازی محمد بە فیدا کردنی گیانی خۆی، هەم خۆی جاویدانە کرد و هەم کۆماریشی کردە دەستکەوتێکی مەزنی نەتەویی.

قۆناغی دووهەم: بارودۆخی ئێستا و دەرفەتەکان

لەم وتارەدا دەرەتانی ئەوە نیە کە باسی سەرجەم ئەو ڕووداوانە بکەین کە لە دوای کۆمار تا ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی ڕوویان داوە، تەنانەت دەرفەتی ئەوەش نیە کە باسی ئەو خەبات و بەربەرەکانیە بکەین کە زیاتر لە ٤٥ ساڵە لە دژی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە دەچێ و تێچوویەکی مرۆیی یەکجار زۆریشی هەبووە. بەڵام جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین کە ڕاپەڕێنی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ و خەباتی خوێناوی دەیان ساڵەی حیزب و گەل لە پێناو ئامانجە نەتەوەیەکان، هەم حیزبی دێموكڕاتی پوختە و کارامەتر کردوە، هەم بزوتنەوەی کوردستانیشی زیاتر بە دونیا ناساندوە. ئێستا بەو پاشخانەوە حیزبی دێموکڕات و بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و لەهەمان کاتدا پڕ لە دەرفەت، تێدەپەڕێ.

دەرفەتەکان هەم لە بەستێنی نێونەتەوەیدا بەرچاون هەم لە هەر چوار پارچەی کوردستان. جگە لەوەش بە خۆشییەوە ئەو ڕێژیمە کە ئێمەش لە گەڵی ڕووبەڕوین، بە هۆی ڕابردووی پڕ لە جەنایەت و ئاژاوەگێریەکەی لە جیهان و ناوچە و نێوخۆی ئێراندا، لە هەموو لایەک ڕا کەوتۆتە بەر گوشارێکی کەمەر شکێن و وێناچی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەرگەی ئەم گوشارانە بگرێت.

لە بەستێنی نێونەتەوەییدا، وەک دەرفەت دەبێ ئاماژە بە پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بکەین کە چەند ساڵێکە لە لایان زلهێزەکانەوە باسی لێوەدەکرێ. ئەم پرۆژەیە بێ ڕەبت نیە بە پەیمانی سایکس پیکۆوە. ئێستا زیاتر لە سەد ساڵ بەسەر ئەو پەیمانەدا تێ دەپەڕی. لەو پەیمانەدا بە شێوەی ڕەسمی، حکوومەتی ئەمریکا هیچ ناوچەیەکی دیاریکراوی وەک ناوچەی ژێر دەستەڵاتی خۆی بۆ دیاری نەکرابوو. بەڵام ئێستا ئەمریکا گەورەترین زلهێزی جیهانە و ناتوانێ چاوپۆشی لەو سەروەت و سامانە زۆرەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات. هەر بۆیە ئەوە چەند ساڵێکە هێزێکی زۆری هێناوەتە ناوچەکە و بە دوای بەرژەوەندیەکانی خۆی دایە.

 لەم سەد ساڵەدا هەم ڕادەی حەشیمەت و هەم زۆر لە ڕیزبەندی و بەرژەوەندییەکان و تەنانەت شێوەی ئیدارەکردنی حکومەتەکانی ناوچەش ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتوە. هەر بۆیە نەخشەی ئەم ناوچەیە بەرەوە داڕشتنەوە دەچێت. ئەوە چەند ساڵێکە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە ژانی لە دایک بوونەوەیەکی نوێدایە. ئەوەی لەم پێوەندییەدا بە قازانجی کورد و بزووتنەوەکەی دەشکێتەوە ئەوەیە کە بەخۆشییەوە، بە پێچەوانەی سەردەمای کۆمار، زلهێزەکانی ڕۆژئاوا کە سێیان خاوەنی مافی ڤێتۆ لە شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەک گرتوەکانن، نەک هەر لە ناکۆکییەکی قوڵدان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو لەگەڵ دەستەڵادارانی ئەو سێ دەوڵەتی دیکەش کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ناتەبان.  لێرەدایە کە دەبێ ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد بە لێزانیەوە لە مەیداندا بن و دەرفەتەکان لە دەست نەدەن.  

خاڵێکی دیکەی گرینگ کە بۆ ئێستای بزووتنەوەی کورد دەرفەتە، بەرزبوونەوەی هەستی ناسیۆنالیستی و پەرەگرتنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردە لە هەموو "پارچەکانی" کوردستان.  نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم  بەرەو لوتکە چوونەی بیری ناسیونالیستی خەڵکی کوردستان، لە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستاندا خۆی نواند.  لە گەڵ ئەوەیدا کە ئەم ڕیفراندۆمە لە باشووری کوردستان بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا بە شێویەکی ناڕاستەوخۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە. هەر ئەوە کە لە کاتی ڕیفراندۆمدا سەرجەم شارو گوندەکانی "رۆژهەڵات" هاتنە سەر شەقامەکان و شاییان کرد و خۆشحاڵییان دەربڕی، خۆی لە خۆیدا ئەوەش ڕیفراندۆمی سەربخۆیی خوازی بوو. ئەو ڕیفراندۆمە بە گوێی دونیایدا چرپاند کە کورد چیتر ژێر دەستەیی قبوڵ ناکات و هەر لایەنێک بێ هەوێت لەم ناوچەیەدا جێ پێیەکی هەبێت دەبێ حیساب بۆ خاک و خەڵکی کوردستان بکات.

لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جگە لەو خەباتە پڕ تێچووەی کە بۆتە پشتیوانەیەکی بەهێز بۆ بزووتنەوەکەمان، شۆڕشی ژیناش بۆتە بەستێن و دەرفەتێکی یەکلایی کەرەوە. ئەو شۆڕشە لە کوردستان ڕا سەری هەڵدا و هەموو ئێرانی گرتەوە. ئەگەرچی ئەو کات لەژێر شوێندانەری تەبلیغاتی شۆڤێنیزمی دەستەڵاتداردا قشری خۆڵەمێشی لە شارە گەورەکان لەگەڵ شۆڕشەکە نەکەوتن، بەڵام ئەو گوشارە ئابوورییە کە ئێستا شارە گەورەکانیشی گرتۆتەوە و ئەو شکستە یەک لە دوای یەکانی کە ڕێژیم لە ناوچەکەدا تووشی دێت، وێناچی چیتر درۆ و دەلەسەکانیان ڕمێنی هەبێ و سەرئەنجام سەرجەم چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران لە دژی ئەو نیزامە ڕادەپەڕن و ڕای دەماڵن.

کاتێک باسی دەرفەت دەکەین، ناکرێ لە ڕێژەی حەشیمەتیش خافڵ بین. لە سەردەمای سایکس پیکۆدا کورد بە شیوەی گشتی هەر چەند میلیۆنێک دەبوو کە ئەویش بە سەر چوار وڵاتدا دابەش کرابوو. بەڵام ئێستا حەشیمەتی کورد لە سەرووی چل میلیۆن دەبێ. ئەگەر کورد کۆدەنگی هەبێت و حیزب و ڕیكخراوەکانی هاوپەیمان بن، هیچ ‌هێز و دەستەڵات و ناوەندێکی نێو نەتەوەیی ناتوانی نادیدەی بگرێت بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە هێزی کورد و پێشمەرگەی کوردستان لە شەری دژ بە داعشدا، نێو و نێوبانگی بە جیهاندا بڵاو بۆوە.

ئەوە دەرفەتێکی گەوریە کە زیاتر لە دوو دەیەیە، وڵاتانی غەربی بە کردار پشتی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانیان گرتووە. ڕەنگە ئەو پشت گرتنە لە قەدەر چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان نەبێت، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبەر چاو بێت کە هێزە ناوچەیەکانیش ڕۆڵ و نەقشیان هەیە و هەموو شتێک بابەتی تەبعی زلهێزەکانیش ناچێتە پێش. بەڵام ئەوەی گرینگە بەردەوام بوونی ئەو پشتیوانیە.

بێ جێمان نەگووتوە کە بڵێین ئەو دوو قەوارە سیاسییە ئیدارییەی لە باشوور و لە ڕۆژ ئاوا هەمانە، لە سایەی ئەو پشتیوانیە نێونەتەوەییەدایە. هەر لێرەدا جێی خۆیەتی بڵێم، بوونی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی بەئەزموون و خاوەن پێگەی بەرینی تەشکیلاتی و جەماوەری لە هەموو پارچەکانی کوردستان، دەرفەتی ئەوەی ڕەخساندوە تا کۆمەڵانی خەڵکیش باشتر مافە نەتەوەیاکانی خۆیان بناسن و لە کاتە پێویست و چارەنووس سازەکاندا بە بەربڵاوی لە سەر خەت بن و بە مانگرتن و خۆپێشاندانی جەماوەری دەنگی ماف خوازانەی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی حیزب و ڕێکخراوەکانیان بکەن.

دواجار بە پێی هەموو لێکدانەوە و بۆچونێک، کۆماری ئیسلامیش لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا دەردی حکومەتی سەددام و بەشار ئەسەدی بەسەر دێت، هەر بۆیە لە ئێستاوە لازمە حیزب ورێکخراوەکانی ڕۆهەڵاتی کوردستان، خۆیان بۆ ئەو قۆناغە ئامادە بکەن و  هەموو لایەکمان بە لێبڕاوی و بە ڕاشکاوی بۆ دامەزراندنەوەی کۆماری کوردستان تێ‌بکۆشین.