
ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندان، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات، پشتیوانیی خۆی لەهەمبەر قسەکانی نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریە، دەربڕی.
عەبدی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی: "ئێمە پێشوازی لە قسەکانی گیر پێدێرسێن، نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین و پشتیوانیی خۆمان سەبارەت بە هەوڵەکانی گواستنەوەی سیاسی لە سووریە دەردەبڕین".
گیر پێدێرسێن پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دەبێت دەرفەت بدەین بە وتووێژەکانی نێوان هێزەکانی دێموکراتیک و دەوڵەتی سووریە تاکوو بە بەرەوپێشچوونی وتووێژەکان لە بەرەوڕووبوونەوەیەکی سەربازی دوور بکەوینەوە.
مەزلووم عەبدی لە پێوەندی لەگەڵ بابەتی تێکەڵکردنی هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان لەگەڵ ئەرتەش و هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتی نوێی سووریە ڕایگەیاندووە کە ئەم بابەتە پێویستی بە ڕێوشوێنێکی تایبەت هەیە کە ڕێگەخۆشکەری گەیشتن بە سووریەیەکی یەکگرتوو بە پاراستنی هەموو جیاوازییەکان بێت و دادپەروەری بۆ هەمووان مسۆگەر بکات.
لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد ئەلشەرع، ڕێبەری سووریەی نوێ، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەرتەشی نوێی سووریە هێزەکانی سووریەی دێموکرات لە خۆ دەگرێت.
ئەلشەرع لە دوایین وتووێژی خۆی لەگەڵ کاناڵێکی تورکیەدا هاوکات لەگەڵ دەربڕینی سپاس و پێزانین بۆ پشتیوانییەکانی ئانکارا ڕایگەیاند، حکوومەتی نوێی سووریە ڕێگە بە چالاکییەکانی پەکەکە نادات.
دەوڵەتی ئەردۆغان بە بیانووی بوونی پەکەکە لە نێو هێزەکانی سووریەی دێموکرات، ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان بوردومان دەکات.
ئەحمەد ئەلشەرع هەر لەم وتووێژەدا سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە نێو سووریەدا ڕایگەیاند کە دەبێت ئەم هێزانە خاکی سووریە بەجێ بهێڵن.
ئەلشەرع بە ئاماژەدان بە نەمانی حیزبوڵڵای لوبنان و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە، مانەوەی هیزەکانی ئیسرائیلی لەو وڵاتە بە بیانوو لە قەڵەم دا.
مانگی ڕابردوو ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیووم لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ئیسرائیل لە چەند دانیشتنی نهێنی نێونەتەوەیدا، بابەتی چەند ئیدارەیی سووریەیان خستبووە ڕوو.
ئەحمەد ئەلشەرع لە ماوەی ڕابردوودا چەند جار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە فێدێراڵیزم و چەند ئیدارەیی لە سووریە قەبووڵ ناکات.