دوابەدوای مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی بە حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستان دەستیان بە دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی خەڵک کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، دوابەدوای بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان، لەوانە سنە، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، مەریوان و بۆکان، مانگرتنێکی بەرفراوانی دووکاندار و بازاڕییان بەڕێوە چوو.
هەر لەم پێوەندییەدا لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە دەسبەسەرکردن لەم شارانە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەستی پێ کردووە.
هەواڵدەریی مافی مرۆیی کوردپا ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە تەنیا لە شاری سنە لە ماوەی دوو ڕۆژدا ژمارەی دەسبەسەرکراوان گەیشتووەتە ١١ کەس.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا، هێزەکانی هێزەکانی ئیتلاعات، لانیکەم ٢٧ هاووڵاتی و چالاکی کوردیان لە شارەکانی سنە، پیرانشار، سەردەشت، سەقز و مەریوان دەسبەسەر کردووە کە زۆربەی ئەو دەسبەسەرکردنانە لەپێوەندی لەگەڵ مانگرتنەکاندا بووە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە مانگرتن، نوێنەری کەرتە جیاجیاکانی بازاڕییان و دووکاندارانیان بانگ کرد و هەڕەشەیان لێ کردن کە ئەگەر بەشداریی مانگرتنەکە بکەن شوێنی کاروکاسبیان دادەخەن و دۆسییەی قەزایی لە دژییان دەکەنەوە.
ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاو کراونەتەوە نیشان دەدەن کە لە کاتی مانگرتنەکەی سەقز و دیواندەرە، هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەکی زۆر لە دووکانەکانی ئەو شارانەیان نیشانە و پلۆمپ کردووە.