ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندان فەرهاد یوونسی کوڕی ئەحمەدخانی بانە بەهۆی جەڵتەی مێشک لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کۆچی دوایی کرد.
فەرهاد یوونسی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر خۆشناوی ناوچەی بانە بوو، باوکی بە ناوی ئەحمەدخان لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٥٧ لە ڕاپەرینی خەڵک بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی شەهید بوو.
چەندین کەسی ئەو بنەماڵەیە لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا خەباتیان کردووە و کاک فەرهاد کە بە موهەندیس فەرهاد دەناسرا ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزب بوو. ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٦ بە بنەماڵەوە بە ناچاری پەڕیوەی باشووری کوردستان بوو و لەو کاتەوە پەیوەندیی بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبەوە گرت و وەک ئەندامێکی چالاک و هەڵسووڕ ئەرکە تەشکیلاتییەکانی ڕادەپەڕاند.
ناوبراو بۆ ماوەی چەند ساڵ لە شاری سلێمانی ئەندامی کۆمیتەی حیزب بوو و ماوەیەک لە دووکان و نزیک بە دە ساڵ لە ڕانیە نیشتەجێ بوو و لەو ماوەدا کەسێکی چالاک بوو و لە بواری کۆمەڵایەتی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ خەڵک و هاوڕێیانی حیزبی خاوەن کەسایەتییەکی بەرز و کەسێکی خۆشناو بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.