کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد

12:21 - 6 رێبەندان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندان، کاک جەماڵ عەلەوی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدست دا.

کاک جەماڵ عەلەوی کوڕی حاجی عومەر، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٩ و خەڵکی گوندی کۆسەکەرێز سەر بە شاری مەهاباد و خێزاندار بوو.

ناوبراو کەسێکی خۆشناو و جێگای ڕێزی خەڵک و هەروەها ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بوو کە هەموو ئەرکە پێئەسپێرداوەکانی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەجێ دەگەیاند.

کاک جەماڵ ئەندامێکی تێکۆشەری حیزب بوو کە لە قۆناغی نوێی خەباتی حیزب لەژێر ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، لە چالاکیی پێشمەرگانەی هێزی پێشمەرگەدا هاوکارێکی زۆر باشی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو و چەندین جاریش سەردانی بنکەکانی حیزبی لە باشووری کوردستان کردبوو.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا و بە جامانەوە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.