کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی بازاڕییانی کوردستان بە هۆی بەشداریکردنیان لە مانگرتنی گشتی

12:26 - 6 رێبەندان 2724

ژمارەی بازاڕییان و کاسبکارانی کورد کە بە هۆی بەشداریکردنیان لە مانگرتنە گشتییەکانی کوردستان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە سەپاندن و پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دوو زیندانیی سیاسی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون، گەیشتە ١٣ کەس.

بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندان، دوو برا بە ناوەکانی "میلاد ڕەندانی" و "نەریمان ڕەندانی"، چالاکانی مەدەنی و میدیایی خەڵکی شاری سەقز، لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی بازاڕییانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

لە هەمان کاتدا دوو برای دیکە بە ناوەکانی "زاهید خالیدیان" و "واحید خالیدیان" خەڵکی شاری قوروە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەیان دەسبەسەر کران.

هەر لەو ڕۆژەدا، جەلیل محەممەدی و کەمال ئاخرەتی کە هەردووکیان خەڵکی شاری سنە بوون، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کران. ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانیش، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی "کارۆ عەلیداد"، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری مەریوان، لە نزیک شوێنی کارەکەی لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنە گشتییەکاندا دەسبەسەر کرا.

پێشتریش ڕۆژی چوارشەممە، شەش کاسبکاری خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی "محەممەد سەیفپەناهی"، "سینا ڕەزایی"، "محەمەد ئەتڵەسی"، "ئومێد محەممەدی"، "ئەمجەد گوریاخێز" و "نەعیم دووستی"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە و بەهۆی بەشداریکردن لە مانگرتنە گشتییەکانی کوردستان، دەسبەسەر کران.

ئەو هاووڵاتییە کوردانە بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی و بە کەڵکوەرگرتن لە توندوتیژیی لەڕادەبەدەر دەسبەسەر و ڕاستەوخۆ دوای دەسبەسەرکردنیان بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە.

تا ئێستا هەوڵەکان بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ئەو ١٣ هاووڵاتییە کوردە بێ ئەنجام ماون.

شایانی باسە کە دوابەدوای بانگەوازی هاوبەشی شەش لایەنی سیاسیی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە مانگرتنە گشتییەکان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە سەپاندن و پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، مانگرتنی بەربڵاو لە شارە جیاوازەکانی کوردستان وەکوو سەقز، مەهاباد، مەریوان ، سنە و دیواندەرە بەڕێوە چوو.