کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامبوونی شۆفێرانی بارهەڵگر لە مانگرتن

10:52 - 7 رێبەندان 2724

بەپێی زانیارییە نێوخۆییەکان و کۆمەڵێک گرتە ڤیدیۆی بڵاوکراو، ژمارەیەکی زۆر لە شۆفێرانی بارهەڵگری کوردستان لە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ بەفرانبارەوە لە سنووری "پەرویزخان" دەستیان بە مانگرتن کردووە و تاکوو ئێستاش هەر بەردەوامن.

مانگرتنەکە کە زیاتر لە حەفتەیەکی خایاندووە لە ناڕەزایەتی بە گرانیی سووتەمەنی و کەرەستەی بارهەڵگرەکانیان، کەمیی حەقدەسی گواستنەوە، کێشە گومرکییەکان و غەرامەی قورسی پۆلیسی هاتوچۆ، دەستی پێ کردووە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی دیکە لە شۆفێرانی بارهەڵگری شارەکانی وەک کرماشان، ئیلام، شاباد و گیەڵان پێوەست بە مانگرتنەکە بوونە.

بەهۆی مانگرتنەکەوە تا ڕادەیەکی زۆر هاتوچۆ و گواستنەوەی سووتەمەنییەکان ڕاگیراوە.

شۆفێرانی بارهەڵگرەکان لە ئێران، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکان، وێڕای ئەوەی کە دەبێت لە مەترسیدارترین جاددەکان بە کۆنترین بارهەڵگرەکان هاتوچۆ بکەن، حەقدەسێکی زۆر کەمیان پێ ئەدرێت کە تەنانەت ناتوانن تێچووی سووتەمەنی و کەرەستەی بارهەڵگرەکانیشی پێ تەرخان بکەن.

هەموو ئەمانە لەکاتیكدایە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پیشەی شۆفێریی بارهەڵگرەکان وەک یەکێک لە پیشە قورس و مەترسیدارەکان دێتە ئەژمار و خاڵی تایبەتمەندیان بۆ لەبەرچاو دەگرن بەڵام ئەم بابەتە لە ئێران بە پێچەوانەیە.

لە ئێستادا ئەم مانگرتنانە دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر دەوڵەت ناچار بە گوێگرتن لە داواکارییەکانی شۆفێرانی بارهەڵگر بکات و بەشێک لە کێشەکانیان چارەسەر بکات.

دەروازەی سنووریی پەرویزخان لە شاری قەسری شیرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە گرینگترین دەروازەکان بۆ گواستنەوەی کاڵا و ماددە نەوتییەکانە کە پشکێکی زۆری لە هەناردە و هاوردەکردندا هەیە.