کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ناڕازی و بێبەشکراوی پارێزگای سنە لە نامەیەکی کراوەدا لەژێر ناوی "جگە لە زنجیرەکانی ستەم هیچیمان بۆ لەدەستدان نییە"، هۆشدارییان دا لە ئەگەری جێبەجێنەکرانی داواکارییە ڕەواکانیان، کاردانەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان دەست پێ دەکەنەوە.
نووسەرانی ئەم نامەیە نووسیویانە: "ئێستا جگە لە زنجیرەکانی ستەم و نادادپەروەری هیچترمان بە نسیب نەبووە، بۆیە هیچمان بۆ لەدەستدان نەماوە'' و ڕوو بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هۆشدارییان داوە: "ئەگەر ڕێوشوێنی جیددی بۆ داواکارییە ڕەواکانیان نەگیرێتە بەر، بەم زووانە بە هەموو هێزی خۆیانەوە، بە شێوەیەکی مەدەنی و مەیدانی دەست بە چالاکییە ناڕەزایەتییەکانیان دەکەن".
سێ داواکاریی سەرەکیی مامۆستایان بریتین لە "هەڵوەشاندنەوەی حوکمە دەرکراوەکان دژی مامۆستایان لە دەستەی پێشێلکارییەکانی پەروەردەی پارێزگای سنە، "جێبەجێکرانی مافی پلەبەندی" و "لابردنی ڕوانگەی ئەمنییەتی" لە پەروەردەی ئەم پارێزگایەدا.
لە بەشێکی ئەو نامەیەدا باس لە کەشی نالەبار و پەرتووکەکانی قوتابخانەکان، کەمیی بەرچاوی هێزی پەروەردی پاڵنەر و شارەزا، لابردنی خۆراکی خۆڕایی، چینایەتیکردنی قوتابخانەکان، بە پارەکردنی خوێندن، وازهێنانی میلیۆنان قوتابخانە، گوشاری بژێوی لەسەر مامۆستایان و ناچارکردنیان بۆ ئەنجامدانی کاری دووهەم و سێهەم و بە ئەنقەست دوورخستنەوەیان لە خوێندن کراوە.
ئەم مامۆستایانە وتوویانە: "لە دۆخێکی وادا، بەڕێوەبەرانی ئەمنییەتی و ناکارامەی پەروەردە و بارهێنانی سنە، لەبری ئەوەی گوێ لە ڕەخنە و نیگەرانییەکانی مامۆستایانی ڕەخنەگر و چالاکوان بگرن، هەوڵیان داوە هەر جۆرە هاوارێکی مافخوازانەی مامۆستایان سەرکوت بکەن".