کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دزی و گه‌نده‌ڵی ته‌واوه‌تیی پێکهاته‌ی ڕێژیمی ته‌نیوه‌

11:35 - 7 رێبەندان 2724

دزی و گه‌نده‌ڵی له‌نێو پێکهاته‌ی ڕێژیمدا له‌ ئاستێکدایه‌ که ڕه‌حم به‌‌ ده‌رمان و واکسەنه‌ زۆر پێویسته‌کانی نه‌خۆشییه‌ تایبه‌ته‌کانیش ناکرێت و ئێسته‌ که‌میی ده‌رمان و نه‌بوونی واکسەنی پێویست خه‌ریکه‌ کاره‌ساتێکی مرۆیی گه‌وره‌ ده‌خولقێنێت.

هه‌رچه‌ند دیارنه‌‌مان و دزی له‌ پێکهاته‌ی ڕێژیمدا شتێکی نوێ نییه‌، له‌ ڕاپۆرتی ماڵپه‌ڕه‌کانی ڕێژیمدا باس له‌ دیارنه‌مانی  ٥ هه‌زار واکسەنی "گارداسێڵ" له‌ تاران کراوه‌.

هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ماڵپه‌ڕه‌کانی ڕێژیم له‌ مانگی ڕه‌زبه‌ری ئه‌مساڵدا چه‌ندین ڕاپۆرتیان له‌مه‌ڕ نه‌بوونی ده‌رمان و که‌میی واکسەن بڵاو کرده‌وه‌ و له‌ ئێستادا ده‌رکه‌وتووه‌ ده‌رمان و واکسەنی هاورده‌کراو له‌ ئاستێکی به‌رزدا دزراوه‌ و ڕاپۆرته‌کان له‌و بواره‌وه‌ باس له‌ ئامارێکی خه‌یاڵی ده‌که‌ن.

ڕێکخراوی خۆراک و ده‌رمانی ڕێژیم پێشتر ڕایگه‌یاندبوو که‌ واکسەنی پێویست کڕدراون به‌ڵام له‌ ئێستادا زۆربه‌ی ده‌رمانخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن هه‌تا ئێستا ده‌رمان و واکسەن له‌لایه‌ن ئه‌و ناوه‌نده‌ی ڕێژیمه‌وه‌ دابه‌ش نه‌کراوه‌.

به‌پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی "هه‌م میهه‌نـ"ـی ڕێژیم واکسەنەکان به‌ جێگه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ر ده‌رمانخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ حکوومییه‌کاندا دابه‌ش بکرێت ئه‌وا له‌ نۆڕینگه‌ی پزیشکه‌کان، ماڵپه‌ڕی دیوار و لەلایەن ده‌ڵاڵه‌کانه‌وه‌ ده‌فرۆشرێت.

واکسەنی گارداسێڵ بۆ پێشگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی ئێچ پی وی به‌کار ده‌هێندرێت که‌ ده‌توانێت ڕێگر بێت له‌ تووشبوون به‌ زۆربه‌ی شێرپه‌نجه‌کان.

دزی و گه‌نده‌ڵی له‌ ئێرانی ژێرده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسانی ڕێژیمدا ته‌نیا تایبه‌ت به‌ ده‌رمان و واکسەن نییه‌ و له‌ هه‌موو بوارێکدا ئه‌و ڕه‌وته‌ به‌رده‌وامه.