کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بە مەبەستی پێشگرتن لە داعش زانیاریی نهێنی ڕادەستی دەوڵەتی سووریە کردووە

11:56 - 7 رێبەندان 2724

ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست باسی لە کۆمەڵێک زانیاریی نهێنی سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش کردووە کە لەلایەن ئەمریکاوە ڕادەستی دەوڵەتی نوێی سووریە کراوە.

واشینگتۆن پۆست لە زاری چەند بەرپرسی دەوڵەتی ئێستا و پێشووی ئەمریکاوە هێناویەتی، ئەمریکا لە بەهێزبوونەوەی داعش بۆ جارێکی دیکە نیگەرانە و هەر بەم بۆنەوە لە ماوەی ڕابردوودا و پاش هاتنەسەرکاری دەوڵەتی نوێ لە سووریە، کۆمەڵێک زانیاریی نهێنی ڕادەست کردووە.

ئەم سەرچاوانە بۆ واشینگتۆن پۆستیان زیاد کردووە کە پووچەڵکردنەوەی هەوڵی داعش بۆ تەقاندنەوەی مەزارگەیەکی ئایینی لە دەمێشق لە سەرەتاکانی ساڵی نوێی زایینی، یەکێک لەم زانیارییە نهێنییانە بووە.

هەواڵدەریی دەوڵەتیی سووریە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ئەمساڵ باسی لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی داعش بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێک لە مەزارگەیەکی گرینگی شێعە مەزەبەکان لە دەوروبەری دەمێشق کردبوو.

ڕۆژنامەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەم ئاڵوگۆڕی زانیارییانە تەنیا بە مەبەستی پێشگرتن لە هێزگرتنەوەی جارێکی دیکەی داعشە و بە واتای دانپێدانانی تەواو بە هەیئەتی تەحریروشام و دەوڵەتی نوێی سووریە لەلایەن ئەمریکاوە نییە.

هەر چەند کە تاکوو ئێستا ڕوون نییە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ترامپ لەهەمبەر ئەحمەد ئەلشەرع و دەوڵەتەکەی چۆن دەبێت بەڵام ڕێبەری نوێی سووریە هەوڵی داوە تاکوو بە پێوەندیگرتن و دانیشتن لەگەڵ سەرۆکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەڵێنی داکۆکیکردن لە مافی هەموو کەمینەکانی سووریە، تا ڕادەیەک کەسایەتییەکی کراوە لە خۆی نیشان بدات.

دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا لە کۆتا ڕۆژەکانی خۆی و پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، خەڵاتی ١٠ میلیۆن دۆلاریی بۆ دەسبەسەرکردنی ئەحمەد ئەلشەرع ناسراو بە ئەبوومحەممەد ئەلجوولانی، کە پاش هەڵاتنی بەشار ڕێبەرایەتیی سووریەی گرتووەتە دەست، پووچەڵ کردەوە.

ساڵی ٢٠١٨ ی زایینی ئەمریکا گرووپی تەحریروشامی خستە نێو لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.