کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکران و دەسبەسەرکرانی فەرەیدوون نەبی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

12:16 - 15 بەفرانبار 2724

فەرەیدوون نەبی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندان، بە مەبەستی جێبەجێکران و تێپەڕاندنی سزای ٧ ساڵ و ١١ مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

فەرەیدوون نەبی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەمیر ئۆجاقلوو" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم" سزای ٤٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەستە و گرووپ" سزای ٣٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم" سزای ٨ مانگ و سەرجەم سزای ٨٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان ٤٣ مانگی ئەم سزایە دەبێ بۆ ناوبراو جێبەجێ بکرێت.

هەروەها لە دۆسییەیەکی دیکەدا ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی قاچاخ و فڕێدانی کۆکتێل مۆلۆتۆف" لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشارەوە بە ٦ مانگ زیندان و سزای نەختی و پێبژاردنی ٢٥ میلیۆن تمەن سزا دراوە.

لە ٦ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بە توندوتیژی هێرشیان کردە سەر ماڵی بنەماڵەی "فەرەیدوون نەبی" و دوای ئەوەی نەیانتوانی ناوبراو دەسبەسەر بکەن، برای "فەرەیدوون نەبی"یان وەک بارمتە دەسبەسەر کردووە.

فەرەیدوون نەبی پاش ٤٨ ڕۆژ لێپرسینەوە لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی نەغەدە گواسترایەوە و پاشان لە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٢ پاش دانانی بارمتەی سێ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، فەرەیدوون نەبی لە ماوەی لێپرسینەوە و دەسبەسەرییەکەیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافە سەرەتاییەکانی دیکە بێبەش کرابوو.