کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگرتنی سەردانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن

11:57 - 7 رێبەندان 2724

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندان، دوای دەسبەسەرکردنی ٧ کارمەندی دیکەی لەلایەن حوسییەکانەوە هەموو سەفەرەکانی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپە لە یەمەن ڕاگرت.

حوسییەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، پێشترێش کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کەسانی پەیوەندیدار بە باڵوێزخانەی پێشووی ئەمریکا لە سەنعا و ئەندامانی گرووپە فریاگوزارییەکانیان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''ئاسۆشەیتێدپرێس''، ئانتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی ئەو ٧ کەسە و فەرمانبەرە دەسبەسەرکراوەکانی دیکەی کرد.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە جیگەی قەبووڵکردن نییە و هۆشداریمدا لەوەی کە ئەم کارانە توانایی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی میلیۆنان کەسی پێویست لە یەمەن دەختە ژێر کاریگەرییەوە.

حوسییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە شاری سەنعایان داگیر کردووە و لەگەڵ هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتیی عەرەبستان و حکوومەتی شەرعیی یەمەن لە ململانێدان.

لە شەڕی یەمەن کە زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامە، زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس کوژراون .

هەزاران کەس لەلایەن حوسییەکانەوە زیندانی کراون و دەسبەسەرکراوەکانیش تووشی ئەشکەنجەی توند کراون، هەروەها ئەو گرووپە منداڵانی وەک سەرباز بەکار هێناون و بە شێوەیەکی بەرفراوان مینیان چاندووە.

دۆناڵد ترامپ، ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندان، بە دەرکردنی فەرمانێک ڕایگەیاند، پرۆسەی تاوتوێی دانانی "ئەنساروڵڵا"ی یەمەن ناسراو بە حوسییەکان، بۆ نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییە بیانییەکان دەستی پێ کردووە.

بەپێی ئەم فەرمانە، پێویستە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ڕاپۆرتێک لەسەر ئەم بابەتە بە سەرکۆمار بدات و دوای ئەوەش بۆ ئەوەی بە فەرمی ئەم گرووپە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنرێت ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.