نامیلکەی "واقیعییەتی گەلانی ئێران و ئەفسانەی میم، ماکان" لە نووسینی ڕێبەری هەڵکەوتووی کورد دوکتور قاسملوو و وەرگێڕانی مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن زادە، پاش تێپەڕینی زیاتر لە پەنجا ساڵ لە چاپی یەکەم، لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ جارێکی دیکە چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئەم نامیلکەیە زیاتر لە نیوسەدە لەوەپێش و بە شێوەیەکی زانستی و هێمنانە و لە سەرەخۆ، وەڵامی شۆڤێنیستێکی فارس دەداتەوە کە خۆی بە "م.ماکان" و کەسێکی نزیک لە جبهەی میللی ناساندبوو،ئەم نامیلکەیە هەڵوێستی چەوت و نالەباری ماکان سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی ڕەت دەکاتەوە و بوونی چەند نەتەوەی جیاواز لە ئێراندا کە یەکێک لەوانە نەتەوەی کوردە، ئیسبات دەکا. نامیلکە دەری دەخا کە لە ئێران خەباتێکی توند و تیژی ئیدوئۆلۆژیک پێویستە بۆ ئەوەی نیشتمانپەروەرانی ئێران لە واقیعییەتی مەسەلەی نەتەوایەتی و هەروەها مەسەلەی کورد تێبگەن.
مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە پێشەکییەک کە بۆ جاپی نوێی نامیلکەکە نووسیویەتی دەڵێت: "دەڵێی ئەمڕۆ و بۆ ئەمڕۆ نووسراوە. ئەگەر ئەودەم دەوڵەتی فەرمانڕەوای ئاریامێهری وەڵامی هەموو داخوازێکی نەتەوایەتیی کوردی بە ئاگر و ئاسن دەدایەوە، ئێستاش دەوڵەتی «عەدڵی ئیلاهی» هەر ئەو وەڵامەی بۆ داخوازە بەر هەقەکانی کورد پێیە، تەنیا بەو جیاوازییە کە عەممامە هاتۆتە جێی تاج و، مووشەکی دوور هاوێژ و دوورهەنگێو جێگەی ژ.٣ و ئێم یەکی گرتۆتەوە. لەمانەش تاڵتر، ئەگەر لە دەورانی پاشایەتیدا دژبەرانی ڕێژیم و تەنانەت بەشێک لەوانە کە خۆیان بە پێشکەوتنخوازیش دەزانی بۆ حاشا لە ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران و سەرکوتی بزووتنەوە مافخوازانەکانیشیان دەگەڵ دەربار و دەربارییان هاودەنگ بوون"
ئەم نامیلکەیە کە لە ٧ بەش پێک هاتووە، لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە پرسی نەتەوەیی کورد و پرسی زمانی نەتەوە جیاوازەکان و چارەسەری پرسی نەتەوەیی بە هێنانەوەی چەند نمونە دێنێتە گۆڕێ. بە سەرنجدان بەوەیکە ڕوانگەی ناوەند بە دوای گۆڕینی ڕێژیمە یەک لەدوای یەکەکان بەنسبەت پرسی نەتەوەکان، بە تایبەتی نەتەوەی کورد یەک ڕوانگەی نەگۆڕە، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای تێپەڕینی نیو سەدە، ڕوانگە و بۆچوونەکانی دوکتور قاسملووی لەمبارەوە بە گرنگ زانی و ئەم نامیلکەی بۆ جارێکی دی چاپ و بڵاو کردەوە.