جینایەتی کوشتنی نیان و کورتە سرنجێک!
سۆهراب ڕەحمەتی
دەستدرێژیکردنە سەر نیان جوبرەئیلپوور لە بۆکان و پاشان کوشتنی دڵی هەموومانی کردە ئاو و ناخی هەژاندین. ئەو تاوانە قێزەونە وای کرد خەڵکی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی خەڵکی شاری بۆکان لەبەرامبەر ئەو تاوانەدا بێدەنگ نەبن و بڕژێنە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارە و داوای قورسترین سزا بۆ بکەرانی ئەو جینایەتە بکەن.
بە ئاوڕدانەوەیەک لە ماوەی دە ڕۆژەی ڕووودانی ئەو تاوانە کۆمەڵێک تاوانی بەردەوام، ژینگەیەکی نامۆ، لەبەر چاومان وێنا دەبن کە داهاتووەکەشی تا ئێستا نادیارە، بەڵام بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدرێ لە شعوور و تێڕامانی کورد بدرێ.
ئازارەکانی ئەو کیژۆڵە ڕوح سووکە ئەگەر دەستە بژێر بکرێن یەکجار زۆرن.
- بێبەشبوون لە نازی دایک و "مافی دایکایەتی":
ئەوە لەوانەیە بیرکردنەوەیەکی ڕەها بێ کە بڵێین لە کاتی جیابوونەوەی ژن و مێردێک کە خاوەنی منداڵ بن، بڵێین هەموو کات دایک دڵسۆزترە و ئەرکی پەروەردەکردن باشتر بەجێ دەگەیەنێ، بەڵام بەگوێرەی ڕای زۆربەی پسپۆڕانی یاسایی بواری ئەحواڵی شەخسی، دایک دەتوانێ لە پەروەردە کردنی منداڵدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبێ. هەر بۆیە یەکەم ناحەقی و غەدر کە لە نیان و تەنانەت دایکی کراوە، بێبەشکردنی دایکی لە مافی دایکایەتی بووە. ئەو غەدرە پێش هەموو کەسێک سیستەم یا نیزامی یاسایی و حقووقیی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی لە ژنانی کردوە و دەیکا. ئەو یاسایە و دارێژەرانی ئەو یاسایە ژن بە کەسێکی کامڵ نابینن و مافی پەروردەکردنی منداڵ لەدایک دەستێننەوە و باوک وەک پیاو و خاوان مافی تەواو دەبینن.
- مافی بینینی منداڵ:
ئەو مافە مافی هەموو لایەنەکانە کە دایک و باوک و منداڵ دەگرێتەوە. واتە ناکرێ منداڵێک نەتوانێ لە کاتی جیابوونەوەی دایک و باوکیدا ، لە بینین و سۆزی یەکێک لە لایەنەکان بێبەش بێ و هەروەها دایک و باوکی جیابۆوەش پێویستیان بە بینینی منداڵەکەیانە. بەداخەوە هەر کێشەکە لە کەیسی نیاندا نیە و لە نیزامێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەوەی پووڵی هەبێ دەتوانی پڕۆسەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بشکێنێتەوە و ئەو یاسایەی کە هەموو کات پێویستە گشتگیر بێ دەکرێ گەمەی پێ بکرێ. هەر ئەوەی کە منداڵێکی وەک قوربانی ئەو تاوانە قێزەونە نەتوانی یا ئیزنی پێ نەدرێ کە بە زیاتر لە ساڵێک چاوی بەدایکی بکەوێ و زامەکانی لەلای باس بکا، هەموو ئەگەرێکی وای لێ چاوەڕوان دەکرێ.
پێکەوەژیانی هاوکات لەگەڵ دایک و کچێک لەلایەن پیاوێکەوە:
لەوانەیە لەنێو گەڵان و وڵاتانی پێشکەوتوودا، پێکەوەژیانێک کە بەرپرسیارەتی دروست نەکا هەبێ و زۆریش ئاسایی بێ. هەر ئەوەی کە پڕوپاگەنداچییانی نیزامگەلی سیاسی- دینی بۆ ناشیرینکردنی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆتە بنێشتە خۆشکەی سەر زاریان و بە مەبەستی گەمژاندن و خۆڵکردنە چاوی هاووڵاتیانییانەوە، هەموو تریبوونەکانیانەوە کەڵکی لێ وەردەگرن بەڵام ئاخۆ ئەو نموونەیەی باوکی نیان کە هاوکات لەگەڵ ژنێک و کچەکەی ژیاوە و هەر ئەو چەشنە ژیانە بێ پڕەنسیپیە هۆکاری سەرەکیی ئەوە بووە کە تاوانباری سەرەکی بە مەبەستی تۆڵە سەندنەوە دەستدرێژی بکاتە سەر منداڵێکی ناکامڵ لە باری مێشکی و جەستەییەوە. بێگوومان پێش هەموو شتێک دەبێ زەینی خوێنەر بچێتە سەر ئەو نیزامە سیاسی کۆمەڵایەتییەی کە ئەو ژینگە و فەزا ناساڵمەی درووست کردوە کە مرۆڤ بە مەبەستی خۆبەرێوەبردن پەنا بۆ هەموو چەشنە ژیانێکی ناساڵم و بەدور لە پڕەنسیپی ئەخلاقی ببات.
ئەوانە هەموویان خوڵقاندنی فەزایەکی ئاڵۆزن کە ڕوودانی تاوان تیایدا زۆر زیاترە لە فەزایەک کە مرۆڤەکان بتوانن کاریان بێ، بەرپرسیارەتی وەئەستۆگرن، پەروەردە بکەن، پەنابۆ بەر دەم یاسا و دادگە ببەن.
بەڵام تاوانی سەرەکی تەنیا یەک تاوان نیە بەڵکوو بە پێی دانپێدانانی تاوانباران ئەو تاوانە چوار مانگە ڕوی داوە. واتە چوار مانگە دەستدرێژی کراوەتە سەر کچێکی شەش ساڵە و هەر چوار تاوانبارەکە زانیاری تەواویان هەبووە و شاردوویانەتەوە و ئەوەی هەموو ئێش و زامەکانی بەرکەوتوە تەنیا نیانی تەمەن ٦ ساڵان بووە. تاوانی لێدان و داغ کردنی قوربانییەکە یەکێکی تر لە هەرە ناخهەژێنەکانی ئەو تاوانە بووە بە مەبەستی بێ دەنگ کردنی کەسی قوربانی. پێدانی زیاتر لە بیست حەبی بێهۆشی کە بێگومان بە مەبەستی کوشتنێکی بێدەنگ بووە کە پێدەچێ باوکی لەو ڕوداوەیاندا دەستی نەبووبێ و تەنیا سێ تاوانبارە سەرەکییەکە ئەو هەوڵەیان دابێ. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی کە مێشکی مرۆڤێکی خاوەن بیر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، ژینگەی شێواوی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە حاکمان و هیزی جێبەجێکار و یاسادانەری ئەو کیانە کێن؟ لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا چۆن ئایدیای مەزهەبی و بان مرۆیی خۆیان تێدا چەسپاندوە و لە کاتی وا هەستیار دا دەیانهەوێ بە ناوی نەتەوەیەک کە یەک سەدەیە خەبات لە پێناو ئازادی دەکا، قێزەونترین سزا بەسەر قێزەونترین تاوان و تاوانباران دا بسەپێنن.
ئەوەی کە جێی تێڕامانە ئەوەیە کە ئیسلامی سیاسی باوەڕی تەواوی بە حوکمی لەسێدارەدان و سەنگسار هەیە. بەڕێوەبەری پۆلیسی شارێکی گەورەی کوردی، مۆرەیەکی سەر بە ولایەتی فەقیهی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە زۆر بە ڕاشکاوانە و پلانمەندانە دەیهەوێ حوکمی سەنگسار کە بێزراوی هەموو یاسایەکی نێودەوڵەتیە بە ناوی داواکاری نەتەوەیەکی شۆڕشگێر و خاوەن گوتارەوە بەرز بکاتەوە و ڕای گشتی پێ بجوڵێنێ. بێگومان حوکمی بەشێکی ئەو تاوانبارانە لەسێدارەدانە، بەڵام سەنگسارکردنی قێزەونترین تاوانبارەکانیش لە ژێنگەی کوردستاندا، ئارمانجی کورد نیە. واتە کورد بەو تێڕوانینەوە لە بابەتەکە ناڕوانێ و ئەوە مارێکە کە نیزامی کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بە دەستی کورد بیگرێ.