کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەیی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان لەگەڵ ڕۆژاوا بەپێی فۆرمووڵی بەرجام

12:23 - 15 بەفرانبار 2724

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، تاران ئامادەیە وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ڕۆژاوا لەسەر بنەمای فۆرمووڵی پێشووی بەرجام دەست پێ بکاتەوە؛ بە وتەی ئەو وتووێژەکان دروستکردنی متمانە بە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان" لەخۆ دەگرێت.

عەباس عێراقچی لە ڕەوتی سەردان بۆ چین لەگەل کاناڵی ''سی سی تیڤی'' وتووێژی کردووە و لە قسەکانیدا لەسەر ئەگەری هەبوونی ڕێگەچارەی دیپلۆماتیک جەختی کردەوە و وتی دەوڵەتی نوێی ئەمریکا دەبێ سیاسەتی خۆی دابڕێژێت و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەسەر بنەمای ئەو سیاسەتە بڕیار دەدات.

هاوکات وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بە ڕۆڵی بەرچاو و گرینگی چین و ڕووسیە لە وتوویژەکانی ڕابردوودا کرد و خوازیاری بەردەوامیی ئەم هاوکارییە بوو.

دۆناڵد ترامپ، لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا چەندین جار جەختی لەسەر گەڕانەوەی سیاسەتی بەناو "زۆرترین گوشار" لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووەتەوە و ڕێککەوتنی زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێرانی بەهۆی ئەوەیکە بەرنامەی مووشەکی و چالاکی ناسەقامگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو ڕێکوتنە نەگونجێندراوە، بە ناتەواو ناو بردبوو.

ترامپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ ئێران لە سەردەمی دەوڵەتی باراک ئۆبامادا ئەنجام درابوو، کشایەوە.

بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دەڵێن، ئەمریکا نیگەرانە لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەم دواییانەدا بەهۆی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لاواز بووە، بەرەو بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکی هەنگاو بنێت.

نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر جەک سالیوان، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی جۆ بایدێن ڕایگەیاندبوو کە پێی وایە بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و پێگەی لاوازی ئێستای ئێران، دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ دەرفەتی ئەوەی هەیە لەگەڵ تاران ڕێگەی دیپلۆماسی بگرێتە بەر و بە ڕێککەوتنێکی ناوکی بگات هەتا زێدەخوازییەکانی ناوکیی ڕێژیمی ئێران کۆنترۆڵ بکات.