کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ لەسەدی ئەو کەسانەی کە سەردانی دەرمانخانەکان دەکەن بەهۆی زۆربوونی نرخی دەرمان لە کڕین پاشگەز دەبنەوە

11:07 - 8 رێبەندان 2724

هادی ئەحمەدی ئەندامی هەیئەتی کارگێڕیی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە گرانبوونی نرخی بەشێک لە دەرمانەکان، خەڵکی تووشی سەرسووڕمان کردووە و لە هەر ١٠ کەس کە سەردانی دەرمانخانەکان دەکەن، سێ کەسیان لە کڕینی دەرمان پاشگەز دەبنەوە.

ناوبراو لە کاردانەوە بە بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان لە ئێران وتی کە نرخی چارەسەرییە سادەکانیش زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٠٪.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە گلەیی نەخۆشەکان سەبارەت بە زێدەڕۆیی لە بەرزبوونەوەی نرخ لە کاتی سەردانی دەرمانخانەکاندا، وتی بۆچی دەبێت ئەمە ڕوو بدات کاتێک خەڵک بۆ کڕینی دەرمان ڕوو لە دەرمانخانەکان دەکەن بەڵام بە هۆی بەرزی نرخەکانەوە ناچارن خۆیان لە کڕینی دەرمان بپارێزن و لە توانایاندا نییە بکڕن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان و نەبوونی توانایی خەڵک لە کڕینی ئەو دەرمانانەی کە پێویستیان پێیەتی، بڵاو کراونەتەوە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سپای پاسداران، ڕۆژی ٢٥ بەفرانبار بڵاوی کردەوە، دوای لابردنی ئەرزی تەرخانکراو بۆ دەرمان لەلایەن رێژیمەوە و بازدانی نرخ، نرخی دەرمان لە ئێران بە ڕێژەی ٤٠٠٪ بەرز بووەتەوە.

تەسنیم لە زاری چالاکوانانی سەندیکای کرێکاران و خانەنشینکراوانەوە دەڵێت، ئەو گرووپانە ناتوانن ئەو دەرمانە بەدەست بهێنن کە پێویستیان پێیەتی و بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان کاریگەریی لەسەر باری تەندروستیی کۆمەڵگەش داناوە.

لە لایەکی دیکەوە شەهرام غەفاری، جێگری بەڕێوەبەری دەرمانسازیی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، ڕۆژی ٧ی ڕێبەدان ڕایگەیاند، بەرزکردنەوەی نرخی دەرمان لەلایەن ئیدارەی خۆراک و دەرمانەوە ئەنجام دەدرێت، و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بە پشتبەستن بە کۆی گشتیی باجەکانی ئەمساڵ، نابێت نرخی گشتیی دەرمان ٢٠٪ بەرز بێتەوە، بەڵام ئەو زیادبوونەی کە ڕووی داوە زۆر زیاترە لە ٢٠٪.

ناوبراو هۆشداریشی دا لەوەی کە ئیدارەی خۆراک و دەرمان بەبێ هاواهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی بیمە نرخی دەرمانی بەرز کردووە و نرخەکان لە سیستمی بیمەدا نوێ نەکراونەتەوە، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی تێچووی پارەی گیرفانی نەخۆشەکان.