پاش ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز سەبارەت بە هەناردەکردنی هەزاران تۆن ماددەی "سۆدیۆم پێر کۆلۆرات" لە چینەوە بۆ ئێران کە بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی مووشەک بەکار دەبرێت، باسی پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییەکانی چین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هاتووتە ئاراوە.
تەنیا چەند حەفتە پێش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی فایننەنشاڵ تایمز چاپی لەندەن سەبارەت بە بەڕێکەوتنی دوو کەشتیی بارهەڵگری سپای پاسداران کە هەزاران تۆن "سۆدیۆم پێر کۆلۆرات"ـیان لە چینەوە بەرەو ئێران هەڵگرتووە، ئەرتەشی ئیسرائیل باسی لە کردنەئامانج و لەنێوبردنی کارخانەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی مووشەک لە ئێران کردبوو.
ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو لە ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی سەربازیدا توانیویەتی ئەو کارگەیانەی کە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی مووشەک لە ئێران دروست کراوە، لە نێو ببات.
ماڵپەڕی "ئێران وایێر"، سەبارەت بەم بابەتە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییەکانی چین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردووە.
لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژەدان بە جێگیرکردنی سیستمی دژە دڕۆنی چینی لە نزیک "موسەلای" تاران پاش کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە و هەروەها هەناردەکردنی هەزاران تۆن ماددەی پێویست بۆ سووتەمەنی مووشەکەکانی سپای پاسداران، جەخت لە سەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەم بابەتانە نیشاندەری قووڵایی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان تاران و پێکەنە.
سەرچاوەکانی فاینەنشاڵ تایمز ڕایانگەیاندبوو کە دیار نییە ئایا دەوڵەتی چین ئاگاداری هەناردەکردنی ئەم بەرهەمانەیە یان نا.
ڕاپۆرتەکەی "ئێران وایێر" سەبارەت بە هەوڵەکانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا بە مەبەستی نزیکبوونەوە لە چین بەتایبەتی پاش واژۆکردنی گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان چین و ئێران و دواتر جێبەجێکردنی لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا، زیادی کردووە، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە سەر ئەو بڕوایەن کە چین ڕۆڵی سەرەکیی لە نەزمی نوێی جیهانیدا دەبێت و بەم پێیە کۆماری ئیسلامی بە نزیکبوونەوەی زیاتر لە چین دەتوانێت لە بەرامبەر ئەمریکا و ڕۆژاوادا ڕاوەستێت.
پێشتر ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ ڕاپۆرتێکی لە سەر هاوکارییەکانی نێوان تاران، پێکەن و مۆسکۆ لە پێوەندی لەگەڵ دروستکردنی درۆن و بەکارهێنانی، بڵاو کردبووەوە.
ئەم ڕۆژنامە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردبوو کە چین بە دابینکردنی کەرەستەی پێویستی دڕۆنەکان هاوکاریی ئێران دەکات و ئەم دڕۆنانەش دواتر هەناردەی ڕووسیە دەکرێن تاکوو لە شەڕی ئوکرایندا بەکار ببرێن.