هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی زاگرۆس ڕەسووڵی لە چالاکانی ژینگەپارێزی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لەم شارە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندان زاگرۆس ڕەسووڵی چالاکی ژینگەپارێزی و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان ئەم هاووڵاتییەیان لە دووکانی کارەکەی بە بێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کردووە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیشیدا گرتووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵ زاگرۆس ڕەسووڵی لەبەر دەستدا نییە.