کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ڕێژیمی ئێران بە گرووپە نیابەتییەکانی کە بە پارێزەوە بجووڵێنەوە

11:31 - 8 رێبەندان 2724

ڕۆژنامەی تێلێگرافی بریتانیا لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ترسی سیاسەتەکانی دەوڵەتی نوێی دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا، فەرمانی بە گرووپە نیابەتییەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە کە بە پارێزەوە هەنگاو بنێن.

ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی شەممە بڵاوی کردەوە، نووسیویەتی فەرماندەکانی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی فەرمانیان پێ کراوە کە پێگەی بەرگریی خۆیان بپارێزن و هاوکات لە هەر کردەوەیەک کە ئەگەری هەیە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا یان هاوپەیمانانی ناوچەییەوە وەک کردەوەیەکی شەڕەنگێزانە لێک بدرێتەوە، ئەوە خۆیان لێ بە دوور بگرن.

هەروەها ڕۆژنامەی تیلێگراف باسی لە ئامادەبوونی عەلی خامنەیی لە ڕێوڕەسمی ناشتنی دوو دادوەری کوژراوی تاران کردووە و نووسیویەتی کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، خامنەیی لە کاتی ڕێوڕەسمەکەدا بە هۆی ترسی لە هێرشەکان جلیقەی دژە فیشەکی پۆشیبوو.

بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمی ئێران لە تاران بەو ڕۆژنامەیەی وتووە لە عێراق و یەمەن بەو هێزانە وتراوە کە هیچ پێگەیەکی ئەمریکا نەکەنە ئامانج و بە ڕاشکاوی ئاگادار کراونەتەوە لە ئەگەری کردەوەی ئاوادا چەکی دروستکراوی ئێران بەکار نەهێنن.

کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا و ڕووخانی هاوپەیمانە سەرەکییەکەی بەشار ئەسەد لە سووریە زۆر لاواز بووە.

هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئیسرائیل لە ڕێگەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانەوە نەماوە و تارانیش وەک ڕێڕەوێکی قاچاخی چەک بۆ گرووپە نیابەتییەکانی ڕێگای سووریەی لەدەست داوە.

ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی بە ڕۆژنامەی تێلێگرافی ڕاگەیاندووە: ''کەوتنی ئەسەد ترسی لە ڕێژیمدا چڕتر کردووەتەوە و ئێستا نیگەرانییەک هەیە کە دوای بینینی ئەوەی بەسەر ئەسەددا هاتووە، نەتوانن وڵات بپارێزن، شتێک کە هیچکەس لە کۆماری ئیسلامی چاوەڕێی ناکات".