کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سپاردنی دوورگەکانی چاگۆس بەهۆی مەترسی لە سیخوڕیکردنی کۆماری ئیسلامی

12:19 - 8 رێبەندان 2724

ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکایی نزیک لە دۆناڵد ترامپ داوایان کردووە تاکوو بریتانیا ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ دەوڵەتی مووریس سەبارەت بە سپاردنی دوورگەکانی "چاگۆس" بەم وڵاتە بەهۆی مەترسی لە سیخوڕیکردنی کۆماری ئیسلامی، هەڵوەشێنێتەوە.

بریتانیا ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەر ڕایگەیاندبوو کە دەسەڵاتی دوورگەکانی چاگۆس لە زەریای هێنددا دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی مووریسەوە.

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئیلان ماسک، ڕاوێژکاری باڵای ڕۆبیۆ و جیم ڕیش، سێناتۆری کۆماریخوازی کۆمیتەی پێوەندییە دەرەکییەکانی مەجلیسی سێنا، ئەو سێ کەسەن کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەن.

ئەمریکا لە دوورگەی "دیێگۆ گارسیا" کە گەورەترین دوورگەی چاگۆسە، بنکەیەکی سەربازیی هەیە کە لەم بنکەیەدا بۆمبهاوێژەکانی ئەرتەشی ئەمریکا لە زەریای هێنددا جێگیر کراون و یەکێکە لە گرینگترین بنکەکانی ئەم وڵاتە بۆ ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا.

جان کێنێدی سێناتۆری کۆماریخواز لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی دەیلی تێلێگراف لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە سپاردنی دوورگەکانی چاگۆس بە مووریس، ئەمنییەتی بریتانیا و ئەمریکا دەخاتە ژێر مەترسییەوە.

گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١ کۆڕبەندی ئابووریی ئێران و مووریس لە تاران بەڕێوە چوو و یەکەم ڕێککەوتننامەی ئابووری و بازرگانیی نێوان کۆماری ئیسلامی و مووریس واژۆ کرابوو.

ئەمریکا پێشتر سەبارەت بە وتووێژەکانی نێوان مووریس و کۆماری ئیسلامی بۆ دامەزراندنی چەند لق لە زانکۆکانی ئێران لەم دوورگەیە و ئەگەرەکانی سیخوڕیکردن، نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو.

بریتانیا هۆکاری ئەم ڕادەستکردنەی بە پاراستنی ئەمنییەتی نێونەتەوەیی و داخستنی ڕێگە نایاساییەکانی پەنابەری لە زەریای هێنددا ڕاگەیاندبوو.