لە ڕۆژانی ٢٩ ی بەفرانبارەوە هەتا ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندان، ١٧ هاووڵاتیی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون یان بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون.
ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، پەیام فەتحی چالاکی کرێکاریی خەڵكی سنە بانگی ئیتلاعاتی سنە کرا و لێپرسینەوەی لێ کرا. بەم شێوەیە و بە بانگکردنی پەیام فەتحی ژمارەی بانگکراوان و دەسبەسرکراوانی سنە لە ماوەی ٧ ڕۆژدا گەیشتە ١٦ کەس.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "پارسا ڕەحیمی" خەڵكی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
پارسا ڕەحیمی بە بێ بەڵگەی یاسایی بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان کەماڵ ئاخرەتی هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ٣ی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتیی بە سزای سێدارە لە شوێنی کارەکەیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا سەبارەت بە شوێنی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها لە درێژەی شەپۆلی بانگکردن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە سنە، ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، فەرانەک ڕەفیعی، چالاکانی مەدەنی و کرێکاری و هەروەها ڕەفیق کەریمی، لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی "چلچەمە" و چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە بانگی ئیتلاعاتی سنە کران و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کرا.
فەرانەک ڕەفیعی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە لە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠١ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا دەسبەسەر کرا و ڕۆژی یەکی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.
کوردپا هەروەها لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە ڕۆژانی ٢٩ی بەفرانبارەوە هەتا ٤ی ڕێبەندان، بەگشتی ١١ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کراون. جەلیل محەممەدی، محەممەد سەیف پەناهی، سینا ڕەزایی، ئەمجەد گۆریاخیز، نەعیم دووستی، محەممەد ئەتڵەسی، ئومید محەممەدی، هێرش ناوگرانزادە، ئەسعەد غەفووری و ئایدا عەموویی ناوی ئەم کەسانەیە.
٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە کوردستان لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە سزای لەسێدارەدان، سوهەیلا مەتاعی چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ئەوەی کە دۆسییەی بۆ کرایەوە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. سوهەیلا مەتاعی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدیدا دەسبەسەر کرابوو، لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی دژی سزای سێدارە، دوابەدوای چوونەدەرەوە لە ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و هەمان ڕۆژ لە دادگادا دۆسییەی بۆ کرایەوە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی ٤ی ڕێبەندان ڕەفیق کەریمی لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی "چلچەمە" و چالاکی کرێکاری لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگ کرا و هەڕەشەی لێ کرا.
ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون باس لەوە دەکەن کە ژمارەی دەسبەسەرکران و بانگکرانەکان زیاتر لەوە بووە و درێژەی هەیە.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوابەدوای بانگەوازی حیزبە کوردستانییەکان دژی سزای سێدارە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەوانە سنە، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، مەریوان و ... مانگرتنی بەرینی کاسبکار و بازاڕییان بەڕێوە چوو.