کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هاوکات لەگەڵ کرانەوەی ڕێگە بۆ باکووری غەززە

23:37 - 8 رێبەندان 2724

یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندان و هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری غەززە، هۆشداریی دا کە چیتر ئیسرائیل ڕێگە نادات کە دۆخەکە بۆ پێش ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بگەڕێتەوە.
کاتس لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بەوەی کە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل پێداگرانە ئاگربەستی غەززە جێبەجێ دەکات، جەختی کردووەتەوە کە هەر کەسێک ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەرتەشی ئیسرائیل، باجێکی قورس چاوەڕوانی ئەکات.
هاوکات گرووپی حەماس کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک خۆشی و ڕەزامەندیی خۆی لەهەمبەر گەڕانەوەی خەڵک بۆ باکووری غەززە ڕاگەیاندووە و خوازیاری چوونەژوورەوەی یارمەتی زیاتر بۆ نێو غەززە بووە.
هەزاران ئاوارەی فەلەستینی ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی ڕێبەندان بە پێ بەرەو باکووری غەززە بەڕی کەوتن.
هاوکات زانیارییەکان باس لە پاشەکشێی ئەرتەشی ئیسرائیل بەپێی ڕێککەوتنەکە لە غەززە دەکەن.
لە ئاکامی ١٥ مانگ شەڕ ٦٥ تا ٧٠ لە سەدی هەموو بیناکانی غەززە وێران بوونە.
ئێخیم ئێشتاینێر، بەرپرسی بەرنامەی گەشەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ئەم شەڕە گەشەسەندنی ٦٠ ساڵی لەنێو بردووە.
ڕوون نییە کە لابردنی ٤٢ میلیۆن تۆن پاشماوە و وێرانەی شەڕ ماوەی چەند ساڵ دەخایەنێت تاکوو خەڵکی غەززە بۆ جارێکی دیکە بتوانن بچنەوە نیو ماڵەکانی خۆیان.