
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دەسبەسەرکرانی دوو سەربازی ئەرتەشی ئیسرائیل بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامی کردووە.
ئەم ڕۆژنامە ئیسرائیلییە لە زاری وتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیلەوە هێناویەتی کە دەزگای هەواڵگریی "شین بێت" و پۆلیس بە هاوکاریی یەکتر، دوو سەربازی ئەرتەشی ئیسرائیلیان دەسبەسەر کردووە کە لە پێناو پارەدا سیخوڕییان بۆ کۆماری ئیسلامی کردووە.
بەپێی بەیاننامەی بڵاوکراو لەلایەن پۆلیسی ئیسرائیلەوە، گومانلێکراوی سەرەکی بە ناوی "یووری ئێلیاسفۆف" کە لە یەکەی سیستمی دژە مووشەکیی ئیسرائیلدا ئەرکدار کراوە، لە مانگی سێپتامبری ساڵی ڕابردووی زایینیدا کۆمەڵێک زانیاریی پۆلێنکراو کە لە ماوەی خزمەتی سەربازیی خۆیدا لێی ئاگادار بووە، ڕادەستی مەئمووریکی ئێرانی کردووە.
ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە ئێلیاسفۆف دواتر هاوڕێیەکی خۆی بە ناوی "گیۆرگی ئاندێریۆف" کە لە بنکەیەکی ئەرتەشی ئیسرائیل لە "کریا"ـی تێلاڤیڤ جێگیر کراوە لە هەوڵە سیخوڕییەکەدا هاوبەش دەکات و لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەیانخاتە پێوەندییەوە.
تایمزی ئیسرائیل زیادیشی کردووە کە هەر دوو گومانلێکراوان لە سەر دیوارەکانی شاری تێلاڤیڤ لە پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی، دروشمیان نووسیوەتەوە.
لە ئێستادا بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامە دوو گومانلیکراو بە تۆمەتی ڕادەستکردنی زانیارییە پۆلێنکراوەکان و یارمەتی دوژمن لە کاتی شەڕدا دەسبەسەر کراون و بڕیارە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دادگایی بکرێن.
ئەمە جاری یەکەم نییە کە هاووڵاتییانی ئیسرائیل بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامی دەکەونە داوی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیلەوە.
لە ماوەی ڕابردوو و لە گەرمەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی، چەند ڕاپۆرتێکی دیکە سەبارەت بە سیخوڕیکردنی هاووڵاتییان ئیسرائیلی بۆ کۆماری ئیسلامی لەلایەن میدیاکانی ئەو وڵاتەوە بڵاو کرابوویەوە.