کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتڕاستکردنەوەی کڕینی سۆخۆ ٣٥ لەلایەن فەرماندەیەکی سپای پاسدارانەوە

10:28 - 9 رێبەندان 2724

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لەهەمبەر هاوکارییە سەربازییەکانی تاران و ڕووسیە، فەرماندەیەکی سپای پاسداران کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری سۆخۆ ٣٥ی لە ڕووسیە پشتڕاست کردەوە.

عەلی شادمانی، فەرماندەیەکی "قەرارگای خاتەمولئەنبیا"ـی سپای پاسداران، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی کڕینی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سۆخۆ ٣٥ لە ڕووسیە، وەک هەڕەشەیەک ڕایگەیاند کە هەرکات پێویست بێت بۆ بەهێزترکردنی هێزەکانیان کەرەستەی سەربازی دەکڕن.

هەرچەند کە شادمانی هیچ زانیارییەکی زیاتری سەبارەت بە ڕێژە و وەرگرتنی ئەم فڕۆکانە نەخستووەتە ڕوو بەڵام ئەمە بۆ یەکەم جارە کە بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی کڕینی فڕۆکە شەڕکەرەکانی جۆری سۆخۆ ٣٥ لە ڕووسیە پشتڕاست دەکاتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا میدیاکانی کۆماری ئیسلامی باسیان لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ستراتێژیکی گشتگیر لە نێوان تاران و مۆسکۆ کردبوو کە یەکێک لە بەشەکانی پەرەدان بە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان دوو لایەن بوو.

کڕینی ئەم فڕۆکە شەڕکەرانە لە ئێستادا دەتوانێت مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچەکە بەتایبەتی پاش دوو هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا، زیاتر بکات.

عەلی شادمانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی هێرشی مووشەکیی لە ئیسرائیل کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە هێرشەکەی ٥ی خەزەڵوەری ئیسرائیل، لەنێو چوو.

پێشتر ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە هەر چوار سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیران لە جۆری "ئێس ٣٠٠"ی ڕووسیی تێکشکاندووە.