کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داواکاریی که‌م ئه‌ندامان بۆ زیاترکردنی یارمه‌تیی مانگانه‌یان له‌لایه‌ن شۆرای نیگابانی ڕێژیمه‌وه‌

11:20 - 9 رێبەندان 2724

شۆرای نیگابانی ڕێژیم داواکاریی که‌سانی که‌مه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌تی له‌مه‌ڕ زیاترکردنی ٧٥ له‌سه‌دیی یارمه‌تیی مانگانه‌یانی ڕه‌ت کرده‌وه‌.

به‌پێی په‌سه‌ندکراوی مه‌جلیسی ڕێژیم له‌ تێبینی ١٢ی گه‌ڵاڵه‌ی به‌رنامه‌ی بوودجه‌ی ڕێژیم له‌ ساڵی ١٤٠٤دا که‌ بڕیاره‌ به‌ سێ گرووپی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت و که‌مه‌ندامان که‌ له‌ بواری ماڵییه‌وه‌ هه‌ژارن، یارمه‌تیی مانگانه‌یان لانیکه‌م به‌رامبه‌ر به‌ ٧٥ له‌سه‌دی یارمه‌تیی مانگانه‌ی ئاساییان بۆ زیاد بکرێت.

 مه‌جلیسی ڕێژیم له‌ پێداچوونه‌وه‌ی به‌ گه‌ڵاڵه‌ی بودجه‌ و ئه‌و په‌سه‌ندکراوه‌دا له‌گه‌ڵ پێدانی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ و یارمه‌تییه‌ به‌ که‌مه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت دژایه‌تی کرد و له‌ کۆتاییدا ڕه‌ت کرایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها که‌مه‌ندامان له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ شۆرای نیگابانی ڕێژیم ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان، له‌مه‌ڕ په‌سه‌ندنه‌کردنی ئه‌و یاسایه‌ ده‌ربڕی و داوایان کرد ماده‌ی ٢٧ی یاسای مافی که‌مه‌ندامان جێبه‌جێ بکه‌ن.

به‌پێی ماده‌ی ٢٧ی یاسای مافی که‌مه‌ندامان "ده‌وڵه‌ت ئه‌رکدار ده‌کرێت یارمه‌تیی بژێوی که‌سانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت و که‌مه‌ندام که‌ کار و پیشه‌ و داهاتێکیان نییه‌ به‌ ڕێژه‌ی لانیکه‌م داهاتی ساڵانه‌ی که‌سێکی ئاسایی دیاری بکرێت".

شایانی باسه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوودا چه‌ندین جار که‌مه‌ندامان و بنه‌ماڵه‌کانیان به‌هۆی که‌مته‌رخه‌می و پێشێلکردنی مافه‌کانیانه‌وه‌ کۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌ بردووه‌.