کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئەفشین حوسێن پەناهی

11:29 - 9 رێبەندان 2724

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەفشین حوسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد، ٢٠ ڕۆژ پێش لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانبار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی ئەفشین حوسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، تا ئێستا زانیارییەک لە بارودۆخ و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەمبارەیەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.

ئەفشین حوسێن پەناهی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار، دوابەدوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ شوێنی کارەکەی بە بێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەسبەسەرکردن، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەفشین و ماڵەکەیان پشکنیوە.

ئەفشین حوسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزییەکانی هەیە، لە خەزەڵوەری ١٣٩٦ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابەوە بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان سزای هەشت ساڵ و نیو بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دەبووایە ٦ ساڵی ئەو سزایە جێبەجێ کرابا.

ئەم چالاکە مەدەنییە کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزییەکان هەیە، لە ساڵی ١٣٩٠ لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی گوماناویی براکەی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکوومەت سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و بە کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.