کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی چالاکێکی ژینگەپارێز لە شاری مەهاباد

11:39 - 9 رێبەندان 2724

 هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد، چالاکێکی دیکەی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

 بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندان "محەممەد ڕەمەزانی"، چالاکی ژینگەپارێزی و شاخەوانی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و بە شێوەیەکی توندوتیژانە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هەروەها ئاژانسی کوردپا پێشتر لەبارەی دەسبەسەرکرانی "زاگرۆس ڕەسووڵی" چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری مەهاباد لە ڕۆژی یەکشەممە و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار هەواڵی بڵاو کردبوو.

 ئەم چالاکە ژینگەپارێزەش بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی و لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و هەروەها دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیرا.

شایانی باسە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم دوو چالاکە ژینگەپارێزە کوردە لەبەر دەستدا نییە.