لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، خانەنشینکراوانی "شیرکەتی موخابرات" لە ١٣ پارێزگای ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.
ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕیبەندان خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابرات لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ورمێ، ئیلام، لوڕستان، تاران، تەورێز، ئێسفەهان، فارس، زەنجان، ئەهواز، گیلان و مازەندەران لە ناڕەزایەتی بە سیاسەتی دامەزراوە دەوڵەتییە پێوەندیدارەکان و پێشێلکردنی مافەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕیوە برد.
ناڕازییان بە هەڵدانی پلاکارد و دروشمدان، خوازیاری پێڕاگەیشتن بە مافەکانیان بوون.
خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابرات بەردەوام لە ساڵانی ڕابردوودا لەهەمبەر پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.
بە گشتیی دۆخی خراپی بژیوی ژیانی خانەنشینکراوان لە ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژانە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان پەرە بسێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆنفێدراسیۆنی کاری ئیران لە دەرەوە، لانیکەم دوو هەزار و ٣٩٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ١٦٩ مانگرتن لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا لە ئێران بەڕێوە چووە.
ئەم ئامارانە دەریدەخات کە دۆخی خانەنشینکراوان و بە گشتیی خەڵکی ئێران لە لای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی گرینگیی پێ نادرێت و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ دۆخەکە بەروە قەیراناویتربوون دەڕوات.