هاوکات لەگەڵ تێپەڕکردنی یەک ساڵ لە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان، ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی ڕێبەندان، ٥٣یەمین حەفتەی کەمپەینەکە بە بەشداریی ٣٤ بەندیخانەی ڕێژیم بەڕێوە چوو.
بەندکراوانی بەشدار لە کەمپەینەکە بەبۆنەی دەسپێکی دوویەمین ساڵی مانگرتنەکان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و باسیان لە پێداگریی زیاتر لە ساڵی دووهەمی کەمپەینەکە کردووە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "ساڵی دووهەمی کەمپەینەکە بە ورە و وزەیەکی زیاترەوە درێژە پێ ئەدەین تاکوو دەنگی ئێمە لە پشت دیوارە ئەستوورەکانی بەندیخانەوە تێکەڵ بە دەنگی ژنان و پیاوان و لاوان بێت و پشکێکمان لە بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ و لابردنی پەت و سێدارەکان لە ئێراندا هەبێت".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا زیاتر لە هەزار بەندکراو و هەروەها لە مانگی بەفرانباردا زیاتر لە ١١٠ بەندکراو لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون هاتووە، لە ئیستادا مەترسی لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی ئەندام لە کەمپەینەکە بە ناوەکانی بێهرووز ئێحسانی و مێهدی حەسەنی کە گوازراونەتەوە بۆ بەندێک لە بەندیخانەی قزڵحەسار کە شوێنی مانەوەی بەندکراوانە بەر لە سێدارەدانیان.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باس لە بەردەوامبوونی کەمپەینەکە لە ساڵی دووهەمی خۆیدا کراوە و ئاماژەیەک بە چۆنییەتیی دەسپێکی کەمپەینەکە پاش حەفتەیەک لە لەسێدارەدانی فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی ئایینی کورد و محەممەد قوبادلوو لە خۆپیشاندەرانی شۆڕشی ژینا کراوە.
ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا بەندکراوانی چەند بەندیخانە لە ناڕەزایەتی بە سێدارەکانی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە مانیان لە خواردن گرت و پاشان لە سێشەممەکانی دواتردا کۆمەڵێکی دیکە لە بەندیخانەکان پێوەستی کەمپەینەکە بوون و لە ئێستادا ٣٤ بەندیخانە لە سەرتاسەری ئێراندا ڕۆژانی سێشەممە مانگرتنەکە بەڕێوە دەبن.
بەڕێوەبەرانی کەمپەینەکە لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا هێناویانە کە بابەتی لەسێدارەدان لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی گەیشتووەتە ئاستێکی چاوەڕواننەکراو و بووەتە ئامرازێک بۆ ترساندنی گشتی و لەم ڕێگەوە خەڵکی ئێران بە بارمتە گیراون.