یەکیەتیی ئورووپا لە نوێترین بەیاننامەی خۆیدا پەرژاوەتە سەر دۆخی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی سزای سێدارە و پرسەکانی پێوەندیدار بە ئێران.
ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندان، یەکیەتیی ئورووپا لە نوێترین بەیاننامەی خۆیدا پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ بە تایبەت پێشێلکردنی مافی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، ژنان و کچانی بە توندی مەحکووم کرد و خوازیاری ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بوو.
ئەم یەکیەتییە هەروەها داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە هەموو سێدارەکان ڕابگرێت و لە ڕاستای هەڵوەشانەوەی یەکجاریی سزای سێدارە سیاسەتێکی سەقامگیر پەیڕەو بکات.
پێشتریش فولکر تورک، بە ئاماژە بە لەسێدارەدانی لانیکەم ٩٠١ کەس لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا و دەربڕینی نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی ئاماری لەسێدارەدراوان لە ساڵی ٢٠٢٤ وتبووی کە کاتی ئەوە هاتووە کە ڕێژیمی ئێران شەپۆڵی لەسێدارەدانەکان ڕاگرێت.
یەکیەتیی ئورووپا هەروەها ڕێژیمی ئێرانی بە هاوکاریی تەواو لەگەڵ ڕێکارە مافی مرۆییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەت کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان و ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران ئەرکدار کردووە.
دەوڵەتە ئوروپاییەکان هەروەها لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژە بە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی خارجی و دوو ناسنامەیی، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە سیاسەتی بارمتەگیری بۆ مەبەستی سیاسی مەحکوم کردووە.