بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی "نیزام پەرستاری"ـی ئێران، سەبارەت بە قەیرانی نەبوونی پەرستار لە ئێران و داخستنی بەشگەلێکی نەخۆشخانەکان بەم هۆیەوە هۆشداری داوە.
ئەحمەد نەجاتییان ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە بەهۆی نەبوونی پەرستارەوە بەشگەلێکی نەخۆشخانەکان لە کار دەکەون و ئەوەش بە زیانی خەڵکە.
نەجاتییان کێشەی نەبوونی پەرستاری بە قەیرانێکی سەرتاسەری زانی بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم قەیرانە لە پارێزگای تاران بەرچاوترە و هۆکارەکانیشی بۆ چڕبوونی نەخۆشخانەکان و کەمبوونەوەی خواست بۆ مانەوە لە پێتەخت بەهۆی دۆخی خراپی ژیانەوە زانی.
ناوبراو پێشتر لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندبوو کە پێویستە زیاتر لە دە هەزار پەرستار و هەروەها پێنج هەزار کەس بۆ بەشی فریاکەوتنەکان دابمەرزێن.
قەیرانی کەمیی پەرستار لەحاڵێکدایە کە ساڵانێکە پەرستارانی سەرتاسەری ئێران لە ناڕەزایەتی بە دۆخی خراپ و کەمیی مووچەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنیان بەڕێوە بردووە، بەڵام هیچ گرینگییەک لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە بە ناڕەزایەتییەکانیان نەدراوە و کێشەکانیان بۆ چارەسەر نەکراوە.
ڕۆژنامەی "ئێران"لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا باسی لە کۆچکردنی زیاتر لە چوار هەزار پزیشک و پەرستار تەنیا لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا کردبوو.
ئەم ڕۆژنامە زیادی کردبوو کە لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە یازدە هەزار کادری دەرمانی بەهۆی دۆخی خراپیانەوە لە ئێران کۆچیان کردووە و جەختیشی کردبووەوە کە ئەم بابەتە ئەگەر پێشی پێ نەگیردرێت، کۆمەڵگەی پزیشکی تووشی داڕمان دەکات و ئاسەواری کارەساتبار بەشوێن خۆیدا دەهێنێت.
محەممەد شەریفی موقەدەم، بەڕێوەبەری گشتیی ماڵی پەرستار، پێشتر ڕایگەیاندبوو، تا کاتێک ژێرخانەکان چارەسەر نەکرێن، دامەزراندنی هەزاران پەرستاریش بێکەڵک دەبێت.
کەمیی مووچە، زێدەکاریی زۆرەملێ، نەدانی مووچەی دواکەوتوو، نەبوونی سەقامگیریی ئابووری، هەڵاواردن، گەندەڵیی ئیداری، ناسەقامگیریی سیاسی و مەترسیی شەڕ، لە هۆکارەکانی چوونەدەرەوەی پەرستاران دێتە ئەژمار.