کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە هاوسەری چالاکێکی کرێکاریی دەسبەسەرکراو لە سنە

11:35 - 10 رێبەندان 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان، ئارەزوو سەبووری، هاوسەری ئەمجەد گوریاخێز، یەکێک لە چالاکانی کرێکاری کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری سنە دەسبەسەر کرابوو، دوای بەدواداچوون بۆ بارودۆخی هاوسەرەکەی، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و هێزی ئینتزامییەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لێ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕێکخراوی مافی مرۆیی ''کوردپا''ی ڕاگەیاندووە، ئارەزوو سەبووری لەگەڵ دوو منداڵە بچووکەکەیدا، دوای دەسبەسەرکردنی هاوسەرەکەی لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوو هەوڵی وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ناوبراوی داوە و بەم هۆیەوە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و هێزی نیتزامیی ڕێژیمەوە، هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لێ کراوە.

ئەمجەد گۆریاخێز لەگەڵ نەعیم دووستی لە ٣ ڕێبەندانی ١٤٠٣ لە شاری سنە دوای مانگرتنی گشتی دژی سزای لەسێدارەدان دەسبەسەر کرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆردپا، وەزارەتی ئیتلاعات هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراوی بە "ڕێبەریکردنی مانگرتن" ناو بردووە و فەرمانی دەسبەسەرکردنی درێژ کردووەتەوە.

ئەمجەد گوریاخێز لەگەڵ ئازارێکی توندی بڕبڕەی پشت بەرەوڕووە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە، بەڵام لە دەسبەسەرییدا ئەم حاڵەتە پشتگوێ خراوە و هاوسەرەکەی لە بارودۆخەکەی زۆر نیگەرانە.

دوای بانگەوازی هاوبەشی شەش حیزبی سیاسیی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، مانگرتنی بەربڵاو لە شارە جیاوازەکانی کوردستان وەکوو سەقز، مەهاباد، مەریوان ، سنە و دیواندەرە بەڕێوە چوو کە دوابەدوای ئەو مانگرتنە شەپۆلێک لە دەسبەسەری و بانگکردنی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان وەڕێ خرا.

جێگەی ئاماژەیە کە تەنیا لە شاری سنە ژمارەی بانگراوان و دەسبەرسەرکراوان لە ماوەی ١١ ڕۆژدا گەیشتووەتە ٢٠ کەس.