ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە کەمبوونەوەی گەشەی بەرهەمهێنانی گاز لە ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە ئەم کەمبوونەوە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
بە وتەی ئەم ئاژانسە گەشەی بەرهەمهێنانی گاز لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی کەمتر لە ٢٪ بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە نێونجیی گەشەی بەرهەمهێنانی گاز لە یەک دەیەی ڕابردوودا ساڵانە زیاتر لە ٥٪ بووە.
ئەم ئاژانسە پێشبینی ئەوەی کردووە کە دۆخەکە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرەو خراپتربوون بڕوات و ئەگەری زۆرە کە گەشەی بەرهەمهێنان لەم ساڵەدا تەنیا یەک لە سەد بێت و ئەو یەک لە سەدەشی بۆ بەرنامەی کەمکردنەوەی سووتانی مەشخەڵەکان گەڕاندووەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی جیهانی، ئێران لە ساڵدا تەنیا بە سووتاندنی مەشخەڵی کێڵگە گازییەکان واتا "فلێرینگ"، ٢١ میلیارد میتری سێجێ گاز دەسووتێنێت کە هاوتایە لەگەڵ ٤٠ لەسەدی گازی بەکارهێنراوی یەک ساڵی وڵاتێکی وەک تورکیە.
گەشەنەسەندنی بەرهەمهێنانی گاز هاوکات لەگەڵ زۆربوونی حەشیمەت لەکاتێکدایە کە ٧٠ لە سەدی وزە لە ئێران لە ڕێگەی گازەوە دابین دەکرێت و هەر ئەوەش دەتوانیت قەیرانێکی گەورە بۆ سەر خەڵک و پیشەسازییەکانی ئێران لە داهاتوودا دروست بکات.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لەم ڕاپۆرتەدا باسی لە کەمیی گاز لە وەرزی پاییزدا کردووە و ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی نەبوونی گازەوە چالاکیی هێندێک لە وزەخانەکانی خۆی ڕاگرتووە.
بۆ یەکەمجار ئەم کەمییە لە هەموو وەرزەکاندا هەیە و چیتر تایبەت بە هاوین و زستانەکان نییە.
نەبوونی وەبەرهێنانی پێویست و کۆنبوونی کەرەستەکانی دەرهێنان و گواستنەوەی گاز، سەرەکیترین هۆکارەکانی گەشەنەسەندنی بەرهەمهێنانی گاز لە ئێرانە.