کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ بەشی فارسیی تلویزیۆنی ''کوردکاناڵ'' دوایین پێشهاتەکانی جیهان، ناوچەکە، ئێران و کوردستانی ڕوون کردەوە.
کاک خالید سەرەتا سیاسەت و ڕوانگەکانی دەوڵەتی نوێی ترامپ و هەروەها دەوڵەتە ئورووپاییەکانی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی هەڵسەنگاند و هەروەها جەختی لە لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە کردەوە، کە ئەم پێشهاتانە لە پێوەندی لەگەڵ دانوستان یان هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ڕۆژاوا ئەوانی خستۆتە دۆخێکی لاوازەوە.
کاک خالید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە دۆخی قەیراناویی کۆماری ئیسلامی و بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی سووریە، جارێکی دیکە جەختی لەسەر پێویستیی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕێکخراو و یەکگرتوو کردەوە کە بتوانێت بەدیلێک بۆ کۆماری ئیسلامی لە ئێران بێت.
وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرنجدان بە مانگرتنی خەڵکی کوردستان لە ٣ی ڕێبەندان کە لەسەر داوای حیزبەکانی کوردستان بەڕێوەچوو، باسی لە بابەتی فەرهەنگی حیزبایەتی لە کوردستان و بە تایبەتی ئاماژەی بە کاریگەریی حیزبی دێموکرات لەو پێوەندییەدا کرد و وتی: "داواکارییەکانی حیزبی دێموکرات خواست و داخوازییە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستانە، هەروەها سیاسەت و تێڕوانینی ئەم حیزبە ڕەگ و ڕیشەی لە خەڵکی کوردستان و داواکارییەکانیان داکوتاوە".
ناوبراو هەروەها هیوای ئەوەی دەربڕی کە حیزب و ڕێکخراو و چالاکانی سیاسی و مەدەنی و سیاسی و لایەنە جیاوازە سیاسییەکانی ئێران، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکەن کە پرسی دێموکراسی لە ئێران هەرگیز بە بێ ئامادەبوونی چالاکی نەتەوەی کورد و نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران جێگیر نابێت.
لە کۆتاییدا کاک خالید ئاماژەی بەوەدا کە لە داهاتوودا ئەگەر دان بە مافەکانی نەتەوەی کورددا نەنرێت، خەڵکی کوردستان درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن، حکوومەتی داهاتووش لە ئەگەری لەبەرچاونەگرتنی مافەکانی نەتەوەی کورد، چارەنووسێکی باشتری لە چارەنووسی حکوومەتەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی نابێت.
ئەم وتووێژە تایبەتە شەوی پێنجشەممە لە تلویزیۆنی "کۆردکانال" بڵاو دەبێتەوە.