هاووڵاتییانی شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان بە هۆی نەبوونی هێما و ئاراستەکانی هاتوچۆ لە ناو ئەو شارەدا تووشی کێشەی هاتوچۆ دەبن.
ڕاگەیەندراوە کە ئەو شارە بە هۆی ئەوەی کە لە سنووری دەستکرد نزیکە و شارێکی سنووریە هاتوچۆی زۆری بەسەرەوەیە و نەبوونی ئەو هێمایانە بووەتە مەترسییەکی جیددی بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران.
هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە لە چوونەژوورەوەی شار و نێو شاریشدا خێراییگیر دانەنراوە یا لەسەر ڕێگەکان هێڵی جیاکردنەوە و نزیک قوتابخانەکان تابلۆی پێوەندیداریان دانەناوە و ئەوانە هەمووی دەبنە هۆی درووستبوونی مەترسی و ئاڵۆزی و پێڕەوینەکردنی یاسای هاتوچۆ.
لەم پێوەندییەدا بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی شاری سەلاسی باوەجانی ڕایگەیاند کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانەی هاتوچۆ کە بەهۆی هۆکاری ژینگەییەوە ڕوویان داوە، ڕاوێژ و ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر.
ناوبراو ئاماژەی بە کێشەی ڕووناکیی شەقامەکان و نەبوونی خێراییگیر و خراپی قیرتاوی ڕێگاوبان و نەبوونی هێماکانی هاتوچۆ و ڕۆشنایی سەر ڕێگەکانی کرد.
ناوبراو سەبارەت بە ڕێکخستنی هێماکانی هاتوچۆ، ڕایگەیاند: شارەداری ڕێکخەری ڕێکخستنی هێماکانی هاتوچۆ و تابلۆکانە، ئێمەش هەنگاومان ناوە لەو ڕووەوە کە پێویستمان بە هاوکاری شارەداری هەیە.
هەروەها لەمبارەوە هاووڵاتییان ڕایانگەیاندووە کە لایەنە پێوەندیدارەکان بە وردی ئاگاداری گرفتەکانن بەڵام هیچ لایەک هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەری ئەو کێشانە هەڵناگرن.