لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە لایەن دوو گرووپی شانۆکاری کوردی ورمێ دوو شانۆی جیاوازی کوردی لە هۆڵی کلتووری ورمێ نمایش کران.
لە ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانەوە دوو شانۆی کوردی بە ناوەکانی “ئاغایێ هەفت گوندا” و “حەسۆ و نازێ” لەلایەن دوو گرووپی شانۆکاری کوردی ورمێ لەو شارە نمایش کران و تا بە ئەمڕۆ بینەرێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.
شانۆی “ئاغایێ هەفت گوندا” ناوەڕۆکەکی کۆمێدییە و لەو ڕێگەوە باس لە کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا دەکات.
ئەو شانۆیە بە دەرهێنەری لاوێکی خەڵکی ورمێ بە ناوی “ مەجید دەرویشنژاد” بەرهەم هاتووە، هەروەها ناوبراو خاوەن چەندین شانۆی کوردی سەرکەوتووەی دیکەیە کە تا ئێستا لە ورمێ و شارەکانی دەورووبەر پێشکەش کراوە.
شانۆی “ئاغای هەفت گوندا” لە ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانەوە هەتا ١٤ی ڕێبەندان نمایش دەکرێ و تا ئێستا لەگەڵ پێشوازی بێ وێنەی خەڵک بەرەوڕوو بووە.
هەروەها هاوکات شانۆیەکی دیکە بە ناوی شانۆی “حەسۆ و نازێ” کە چیرۆکێکی ئەوینداری و حەماسییە و لە دێرزەمانەوە چیرۆکەکەی لە ڕێگەی هونەری دەنگبێژییەوە تا ئێستا زیندووە ماوە نمایش دەکرێ.
چیرۆکی “حەسۆ و نازێ” کە وتمان چیرۆکێکی ئەویندارییە و هەر دوو ئەویندارەکە بە یەک ناگەن و دەکوژرێن یەکەم جارە دەنووسرێتەوە و بە شێوەی شانۆ نمایش دەکرێ.
شانۆی “حەسۆ و نازێ” لە ڕۆژانی ٧ی ڕێبەندانەوە هەتا ١٢ی ڕێبەندان لە ورمێ نمایش دەکرێ و تا ئێستا بینەرێکی زۆر باشی هەبووە.
ئەو شانۆیە ڕەسووڵ بانگین کاری نووسەری و ڕاوێژکاری دەرهێنەری ئەنجام داوە و جەعفەر پاکنیا کە لاوێکی خەڵکی ورمێیە کاری دەرهێنەری ئەو شانۆیەی ئەنجام داوە.
ڕەسووڵ بانگین لە بارەی ئەم شانۆیەوە دەڵێ کە ئامانجمان لەم کارە ئەوەیە کە ئەدەبیاتی زارەکیی کوردی بپارێزین و بنووسینەوە و لە ڕێگەی شانۆوە نمایشی بکەین.
پێشتر هەر لە لایەن ئەم گرووپەوە چیرۆکی ئەوینداری خەج و سیامەندیش نووسراوەتەوە و بە ڕێگەی شانۆوە نمایش کراوە.
شایانی باسە کە ئەو گرووپە شانۆکارە خاوەن چەندین شانۆی سەرکوتووی دیکەن و تا ئێستە لە چەندین فێستیڤاڵ و ڕێوڕەسم خەڵات کراون.