
وەهاب خەدیریپوور، برای شەهید سۆهراب خەدیریپوور لە شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندان، وەهاب خەدیریپوور، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ڕێژیم لەم شارە و بە بێ بەڵگەی بانگکران، دەسبەسەر کرا.
بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراو لە دۆخی ئەم هاووڵاتییە کوردە تاکوو ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکانەوە پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان جارێ لە دەسبەسەریدا دەبێ.
هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانیش هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی وەهاب خەدیریپوور و ماڵەکەیان پشکنیوە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
وەهاب خەدیریپوور، برای سۆهراب خەدیریپوور ناسراو بە شاخەوان لە شەهیدانی سەرفرازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ لە دەرگیرییەکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای تێرۆریستیی لە سێڕێیانی بورهان لە ڕێگای مەهاباد- بۆکان لەگەڵ ئەنوەر نەسیری چیانە ناسراو بە سمکۆ مەحمەڵ شەهید بوون.
هەروەها شەماڵ خەدیریپوور، ئامۆزای ناوبراویش لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا بە تەقەی هیزەکانی ڕێژیم بە سەختی بریندار بوو و پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە و چوونە کۆما، لە ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی هەمان ساڵدا شەهید بوو.