سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەفتە لە دەسبەسەرکرانی ٥ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ، تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، ٥ هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوەکانی ئاتیلا عەبدی، کامران ڕەزایی، ستار بابایی، زەکەریا فیرووزبەخت و ئیدریس عەبدوڵڵاهی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو ئەم ٥ هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کرماشان ناسراو بە "گرتنگەی مەیدانی نەوت" ڕاگوێزراون.
هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم هاووڵاتییانەیان دەسبەسەر کردوون.
هەروەها نەبوونی زانیاری لەمەڕ چارەنووسی ئەم ٥ کەسە، نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی بەدواوە بووە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەفتە لە دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە، زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە دژیان لەبەر دەستدا نییە.