کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی کەرەستە پزیشکییەکان ١٠ بەرابەر گرانتر بووە

10:58 - 11 رێبەندان 2724

بەهۆی گرانیی نرخی دۆلار، کەرەستە پزیشکییەکان لە ئێران بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیوە بەشێوەیەک کە نەخۆشخانەکان بۆ دابینکردنی ئەم کەرەستانە بەرەوڕووی کێشە بوونەتەوە.

حوسێن سەمسامی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندان ڕایگەیاندووە کە تێچووی هاوردەکردنی کەرەستە پزیشکییەکان بەهۆی گرانیی نرخی دۆلارەوە دە قات زیادی کردووە و چیتر نەخۆشخانەکان توانای کڕینی ئەم کەرەستانەیان نەماوە.

سەمسامی زیادی کردووە کە "بیمەکان" ئەم تێچووانە نادەن و بەم شێوەیە قەیرانی گرانیی دۆلار لە بابەتی بژیوی ژیانەوە گەیشتووەتە بابەتی ژیان و مردنی خەڵک.

ئەم بەرپەسەی ڕێژیم بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی لە نموونەیەکدا ئاماژەی بە کەرەستەیەکی پزێشکی بۆ نەخۆشانی "دڵ" کردووە کە لە سەد میلیۆنەوە نرخەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە یەک میلیارد تمەن.

جیا لە گرانیی نرخی دۆلار هەڵاوسانی سەروو ٥٠ لە سەدیی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گرانیی نرخی دەرمان و کەرەستە پزێشکییەکاندا هەیە.

لە ساڵانی ڕابردوودا بەشی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان بەردەوام زیاترین هەڵاوسانیان بە خۆیانەوە بینیوە.

بابەتی گرانیی کەرەستە پزیشکییەکان لە ئێران تەنیا قەیرانی پێوەندیدار بە تەندروستییەوە نییە.

گرانیی ٤٠٠ لە سەدیی دەرمان و هەروەها کەمیی مووچەی کادری دەرمان بەشێکی دیکە لەم قەیرانەیە.

بەپێی ئاماری سەرچاوەکانی نزیک بە کۆماری ئیسلامییەوە، تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە یازدە هەزار کادری دەرمانی بەهۆی دۆخی خراپەوە لە ئێران چوونەتە دەرەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە نەخۆشخانەکانی ئێران بەرەوڕووی قەیرانی نەبوونی پەرستار بوونەتەوە و هەر بەم هۆیە بە وتەی بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی "نیزام پەرستاری"، بەشگەلیکی نەخۆشخانەکان داخراون.