بەشێک لە خۆراک و کەرەستەی سەرەکیی ناوماڵ لە ئێران، لە مانگی ڕەزبەرەوە هەتا ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوو بەرابەر و نیو نرخیان بەرز بووەتەوە.
بەرزبوونەوەی ئەو نرخانە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە فەرمییەکان باس لە بەرزبوونەوەی نرخەکان ناکەن، بۆ نموونە بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی فەرمیی ئامار، نرخی ڕۆن بە ڕێژەی ٢ لەسەد ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدا کە ئەم نرخە بە ڕێژەی ١٥ لەسەد بەرز بووەتەوە.
ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان ڕاپۆرتێکی لە ژێر ناوی " تێکڕای نرخی بەرهەمە خۆراکییە هەڵبژێردراوەکان لە ناوچە شارییەکانی ئێران لە ماوەی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣" بڵاو کردەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نرخی ٥٣ ماددەی خۆراکی لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣ بە بەراورد بە هەمان کات لە ساڵی ١٤٠٢دا بەشێوەی نێونجی نزیکەی ٣٧ لەسەد زیادی کردووە.
ئەم ناوەندە لە ڕاپۆرتی هەڵاوسانی خۆیدا کە لە ٣ی ڕێبەندان بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاند کە هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣ نزیکەی ٣٢ لەسەد بووە. لەم ڕاپۆرتەدا هەڵاوسانی کەرتی خۆراک لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣ بە بەراورد لەگەڵ مانگی وێکچوو لە ساڵی ١٤٠٢ نزیکەی ٢٧ لەسەد ڕاگەیەندرا.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان نرخی ١٥ بابەتی کەلوپەلی پێویست بۆ ماڵەکان لە ئێران نیشان دەدات کە بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕدا بە ڕوونی جیاوازە لەم ڕاپۆرتە.
نرخی پۆشاکی منداڵان بە بەراورد لەگەڵ مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٣ دوو بەرابەر زیادی کردووە و بە بەراورد لەگەڵ مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ١٤٠ لەسەد زیادی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار، بەرزبوونەوەی نرخی برینجی بیانی لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣ بە بەراورد لەگەڵ مانگی وێکچووی ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٢٢ لەسەد ڕاگەیەندراوە ، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی بازاڕ دەریدەخەن کە کیسەیەکی ١٠ کیلۆیی برنجی پاکستانی، کە ساڵی ڕابردوو بە ٦٥٠ هەزار تمەن بووە، ئێستا لە بازاڕدا بە نزیکەی یەک میلیۆن و ٧٥٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت؛ ئەمەش واتە زیادبوونی نزیکەی ١٧٠ لەسەدی.
لە ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماردا هاتووە، بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی مەڕ لە مانگی بەفرانبار ساڵی ١٤٠٣ بە بەراورد بە مانگی وێکچوو لە ساڵی ١٤٠٢ نزیکەی ٢٧ لەسەد بووە، بەڵام بەنیسبەت ئەمسال بە ڕێژەی ٨١ لەسەد نرخی بەرز بووەتەوە.