کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی یەکێک لە دۆسییەکانی ماشەڵڵا کەرەمی بۆ یەک ساڵ بەندکران کەم کرایەوە

11:46 - 11 رێبەندان 2724

پارێزەر شەهلا ئارۆجی ڕایگەیاند، ئەو سزایەی کە بۆ یەکێک لە دۆسییەکانی ماشەڵڵا کەرەمی باوکی شەهید کۆمار کەرەمی دەرچووە، لە ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکرانەوە بۆ یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو کەم کراوەتەوە.

ئارۆجی ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "تۆمەتەکانی ماشەڵڵا کەرەمی لە سپیکردنەوەی پارەوە بۆ دەستخستنی سامان بەشێوەی ناڕەوا" گۆڕدرا و   ٧ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران بە هۆی سپیکردنەوەی پارە و ١٤ مانگ  بەندکران بەهۆی بەدەستخستنی پارە و سامان بە شێوەی ناڕەوا بۆ ١ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ١٠٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی کەم کرایەوە.

لە هەمان کاتدا پەیام درەفەشان پارێزەر ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی بەهۆی هاوکاریی ماڵی بۆ ماشەڵڵا کەرەمی لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە ڕووبەڕووی دۆسییەسازی بوونەتەوە، بێ تاوان ناسراون.

هەروەها مەشەڵڵا کەرەمی لە دۆسییەیەکی دیکەدا لەلایەن دادگای ئینقلابەوە سزای سێ ساڵ و حەوت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، کە پارێزەر درەفشانی لەمبارەوە ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامدا کەیسی دووهەمی ناوبراویش بە تەواوی داخراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی کۆمار کەرەمی، خۆپیشاندەری لەسێدارەدراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا هەموو کەلوپەلە ئیلکترۆنییەکانی لێ وەرگیران و کارتی بانکیی بنەماڵەکەشی بلۆک کرابوو.

کۆمار کەرەمی کوڕی ماشەڵڵا کەرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ، لە ڕەوتی ڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە خەزەڵوەری ١٤٠١، دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی "ڕۆحوڵڵا عەجەمیان"، لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی بە "افساد فی‌الارض لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" بە لەسیدارەدران مەحکووم کرا و ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١، سزای لەسێدارەدرانەکەی بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.