هانا نییومان، نوێنەری وڵاتی ئاڵمان لە پارلەمانی ئورووپا، بەبۆنەی تێپەڕینی یەک ساڵ لە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک داوای لە هەموو وڵاتانی ڕۆژاوایی کردووە کە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لەبیر نەکەن و پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەم ڕێژیمە ئاسایی نەکەنەوە.
نیوومان لەم گرتە ڤیدیۆیەدا دەڵێت: "سێشەممە لای من ڕۆژێکە کە کاتێکی زیاتر لە سەر کار دەمێنمەوە و کچەکەم دەچێتە یاری والیباڵ و هاوسەرەکەم لەگەڵ هاوڕێکانی دەبێت، بەڵام سێشەممە لە ئێران ڕۆژی پلانداڕشتن بۆ لەسێدارەدانی خەڵکە".
بەرپرسی شاندی پێوەندییەکانی پارلەمانی ئورووپا و کۆماری ئیسلامی لە ڤیدیۆکەدا زیادی دەکات، "سێشەممە لە ئێران ئەو ڕۆژەیە کە دایکێک پێوەندیی لەگەڵدا دەگیرێت و هەواڵی لەسێدارەدانی منداڵەکەی پێ ئەدرێت بەهۆی تاوانێک کە هیچکات ئەنجامی نەداوە و تەنیا لە مێشکی ئاڵۆزی کۆماری ئیسلامیدا بوونی هەیە".
هانا نیوومان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و بە ئاماژەدان بە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان باس لەوە دەکات کە لەم ڕۆژەدا ناڕازییان لە نێو ئێران و دەرەوە بە دژی سێدارەکانی ڕێژیم دەوەستنەوە.
ناوبراو ئەم هەوڵەی ناڕازییان لە بەڕێوەبردنی کەمپەینەکە بە وەبیرهێنانەوە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا دەزانێت تاکوو بزانن کە ڕێژیمی ئیران تا چ ڕادەیەک ستەمکار و بێبەزەییە و هەوڵی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵدا نەدەن.
نیوومان لە کۆتاییدا خوازیاری ئازادکرانی هەموو بەندکراوە سیاسییەکانە و داوا لە خەڵک دەکات بەهیوای ئەو ڕۆژە بن کە چیدیکە هیچ دایکیک سەبارەت بە لەسێدارەدانی منداڵەکەی پێوەندیی پێوە نەگیردرێت.
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن کۆمەڵێک لە بەندکراوانی سیاسی لە چەند بەندیخانەی ئێران و لە ناڕەزایەتی بە سێدارەکانی ڕێژیم دەستی پێ کرد و پاش ساڵێک لە بەڕێوەچوونی هەزاران بەندکراو و ٣٤ بەندیخانە لە سەرتاسەری ئێران پەیوەستی کەمپەینەکە بوون و لەم ڕۆژەدا مانیان لە خواردن گرت.